منداڵی سێ بۆ 12 ساڵان وەردەگرن
سەنتەری ئۆتیزمی بازیان: وەرن منداڵە ئۆتیزمەکانتان تۆمار بکەن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
سەنتەری ئۆتیزمی بازیان، بۆ ئەمساڵ کەیسی نوێی ئۆتیزم وەردەگرێت و داوا لە دایک و باوکان دەکات منداڵە ئۆتیزمەکانیان تۆمار بکەن.
سەنتەرەکە بەناوی لوتفییە مەلا غالبەوەیە، ئێستا 18 کەیسی ئۆتیزم لە سەنتەرەکەدان و ماوەی نۆ مانگە کراوەتەوە.
ئاریاز کەمال، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە بە 964ـی وت، تەمەنی ئەو منداڵانەی لە سەنتەرەکە وەردەگیرێن لە نێوان سێ بۆ 12 ساڵاندایە، بۆ ئەمساڵیش دەستیان بە وەرگرتنی کەیسی نوێ کردووە و داوا لە دایک و باوکان دەکەن منداڵە ئۆتیزمەکانیان تۆمار بکەن.
بۆ تۆمارکردنی منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرەکە، پێویستە راپۆرتی پزیشکی بیسەلمێنێت ئەو منداڵە ئۆتیزمیەتی.
وتیشی، “ئێمە 25 کەیسی ئۆتیزممان لە سەنتەرەکە تۆمار کردووە، بەڵام هەندێکیان لە 12 ساڵ گەورەترن و لای ئێمە نامێننەوە، پێشبینیش دەکەین کەیسەکان لە قەزاکەدا زیاتر بن بەڵام دایک و باوکان تۆماریان نەکردوون”.
بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی بازیان روونیشیکردەوە، “سەنتەرەکەیان جێگەی 40 تا 45 کەیسی ئۆتیزمی تێدا دەبێتەوە و 14 راهێنەریان هەیە کە سەرجەمیان دەرچووی بەشی پەروەردەی تایبەتن.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر