وەزارەت دوا بانگەوازی بڵاوکردەوە
سێ یەکەمەکان یەک هەفتە کاتیان ماوە بایۆمەتری بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بە گشتاندنێک و بەواژۆی بەرێوەبەری گشتی کارگێری و دارایی داوا لە سێ یەکەمەکان دەکات، وەک دوا وادە تا 8.8.2024، پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجامبدەن.
پڕۆسەکە سێ ئاستی، (یەکەم، دووەم و سێییەم)ی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان دەگرێتەوە لە ساڵانی 2017-2018 بۆ 2022-2023.
بە قسەی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، “پرۆسەی بایۆمەتری سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومیەکان کۆتایی ھاتبوو و ئاراستەی وەزارەتی دارایی ھەرێم کرابوو بۆ ئەوەی ناوەکان بنێرێن بۆ حکومەتی فیدراڵی بەمەبەستی دامەزراندن، بەڵام لەسەر داوای رێژەیەکی زۆر لە دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومیەکان کە بەھەر ھۆکارێک بێت نەیانتوانی لەوادەی دیاریکراو پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجام بدەن وادەکە درێژکرایەوە”.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە 964ی وت، “وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لەسەرجەم زانکۆکان دەکات تا بەرواری 8.8.2024، ھەموو ئەو سێ یەکەمانەی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەھەر ھۆکارێک بووە پرۆسەی بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکەن و بایۆمەتری ئەنجام بدەن”.
دەرچووانی سێ یەکەمانی زانکۆ حکومییەکان و ئالیەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان بۆ ساڵانی دیاریکراو، بڕیارە بەپێی یاسای ژمارە67ی ساڵی (2017 اتحادی) جێبەجێ بکرێت.
دوا بانگەوازی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛