بەدواداچوونی 964

بەشێكی ناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان شەوانە تاریكە 

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە پێی بەدواداچوونی 964 شەوانە بەشێكی پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، تاریكە و گڵۆپ و رووناكی تێدا نییە، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان روو لە پاركەكە دەكەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاركەكەش پشتڕاستی دەكاتەوە هەندێك شوێنیان تاریكە و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن.

پاركی سامی عەبدولڕەحمان گەورەترین پاركی كوردستان و عێراقە، بەردەوام ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی كات و پشوو رووی تێدەكەن، بە تایبەتی بەم هاوینە شەوان قەرەبالغە.

شەوی رابردوو پەیامنێری 964 سەردانی پاركەكەی كرد، بەڵام تێبینیی ئەوە كرا بەشێكی پاركەكە تاریكە و گلۆپ و ئینارەی رووناكیی پێویستی نییە، ئەمەش لە كاتێكدا شەوی رابردوو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان لە پاركەكە بوون.

جەمیل حوسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاركی سامی عەبدولڕەحمان بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی بەشەكانی پاركەكە رووناككراوەتەوە و گلۆپ و ئینارەی بۆ دانراوە، بەڵام لە یەك دوو شوێنی پاركەكە راستە رووناكی لێنییە.

وتیشی، لە بەشی نزیك یاریگەی باسكە و كۆتایی پاركەكە لە گۆشەی دەرگای بەرامبەر جەستیك تاوەر تۆڕی كارەبا هێشتا دانەنراوە، بۆیە تاریكە، هەوڵ دەدەین چارەسەری بكەین و بودجەی پێویستە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا بەردەوام بە باشتركردنی رووناكی و پاكڕاگرتنی پاركەكە خەریكن و هەوڵ دەدەن هیچ شوێنێكی بەبێ رووناكی نەمێنێتەوە.
فەرمانگەی پاركەكە لەگەڵ ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو هەڵمەتێكی رووناككردنەوە و دانانی گڵۆپ و ئینارەی ئەنجام دا و بەشێكی زۆری پاركەكەی رووناككردەوە، بەڵام هێشتا هەندێك شوێنی ماون رووناك بكرێنەوە، بە تایبەتی بەشی لای دەرگای كتێبخانەی گشتی و رێگاكانی نزیك مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەكە.

پارکی سامی عه‌بدولڕه‌حمان، كە لەسەر رووبەری 800 دۆنم دروستكراوە، پێشتر سه‌ربازگه‌یه‌كى رژێمی به‌عس بوو، ساڵى 2000 دەستکرا بە چاندنی 182 هه‌زار دار تێیدا، وه‌ك یادکردنەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی ئەنفالکران لەسەر دەستی ئەو رژێمە، پارکەكە دواتر لە نەورۆزی 2003 بە رووی هاوڵاتیان کرایەوە و گەورەترین پاركە لە عێراقدا.

هەفتانە 100 زەماوەند لەناو پارکی سامی عەبدولرەحمان ئەنج...

هەفتانە 100 زەماوەند لەناو پارکی سامی عەبدولرەحمان ئەنجامدەدرێت