ئاوارەکان: بشمانکوژن ناگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
بە قسەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو کاروانی ئاوارە کە ژمارەیان 117 خێزان بووە، لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ قەزای دوجەیل، بەڵام بەرپرسێکی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێم دەڵێت “ئەو ژمارانەی بڵاودەکرێنەوە سەیرن، چونکە ئاوارەکان دەڵێن بشمانکوژن ناگەڕێینەوە”.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق، ئهمڕۆ دووشەممە 23ی کانوونی دووەم، رایگەیاند لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا 1016 کەس لە 117 خێزان، بە دوو کاروانی جیاواز گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ئاوارەکان خەڵکی ناوچەی قەرەگۆڵی قەزای دوجەیل بوون، ئەو ناوچەیە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.
لەلایەکی دیكهوه بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان قسەی جیاواز دەکەن.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بە تۆڕی 964ی وت “ئەو خەڵکەی ئێمە قسەمان لەگەڵ کردوون دەڵێن بشمانکوژن ناگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان، لەبەر ئەوەی شوێنەکانیان نائارامە، خێزان هەبووە گەڕاوەتەوە دیالە گیراوە و حوکمدراوە”.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی رابردوو رایگەیاند، 38 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەو کەمپانە 37 هەزار کەس دەژین تا کۆتایی ساڵی 2023، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و کەمپەکان دادەخرێن.
لە لایەکی دیكهوه ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، ئاماری ئاوارە و پەنابەرانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەجۆرێک 664 هەزار و 798 کەس وەک ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
ژمارەی ئەوانەشی وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین 248 هەزار و 434 کەسە.
بەو پێیە بێت، کۆی گشتی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان 913 هەزار و 232 کەسە.
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، خەڵکی پارێزگاکانی ناوهڕاست و خوارووی عێراق و ههروهها سووریان، لەگەڵ هاتنی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014، ئەو خێزانانە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.