لە هەرێم و بەغدا سزا وەردەگیرێت

هەرێم و عێراق سیستمی هاتوچۆکەیان یەکدەخەن

964+

پێشەوا محەمەد

هاتوچۆی عێراق یەکخستنی سیستمی هاتوچۆی لەنێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت لە بواری سزاکاندا راگەیاند و لەمەودوا ئۆتۆمبێلی هەردوولا لە سنووری یەکتریدا سزایان لێ وەردەگیرێت.

بۆ ئەو مەبەستە شاندێک لە هەرێمەوە سەردانی بەغدایان كردووە، بۆ ئامادەكردنی سیستمێكی هاتوچۆی یەكگرتوو، كە لە رێگایەوە داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكرێت.

محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، سیستمەكە بریتییە لە وەرگرتنی سزای دەستبەجێ لە ئۆتۆمبێلی سەرپێچیكار لە هەرێم، كە تابلۆی بەغدای لەسەربێت، بە جۆرێك شۆفێرەكە دەتوانێت سزاکەی لە هەرێم بدات و بە پێچەوانەشەوە وەردەگیرێت.

هەروەها دەڵێت، “هەماهەنگیی راستەوخۆ لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم سەبارەت بە سیستمی هاتوچۆی یەكگرتوو هەیە”.

هەفتەی پێشوو حکومەتی عێراق و هەرێم داتای سزاکانی یەکترییان گۆڕییەوە و دواتریش کۆبوونەوەکانیان ئەو بڕیارە نوێیەی لێ دروست بووە.

“یاسای هاتوچۆی نێوان بەغدا و هەرێم زۆر لە یەكتری دەچن، بەڵام لە بڕی پارەی سزاکاندا جیاوازن”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراقە.

ئاڵوگۆڕی سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێل لە نێوان بەغدا و هەرێم ...

ئاڵوگۆڕی سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێل لە نێوان بەغدا و هەرێم کرا