بانکی ناوەندی 270 ملیۆن دۆلاری ناردە بازاڕ
ئاڵوگۆڕکارێکی دراو؛ تێکی نەیەن دۆخەکە لە بەرژەوەندی دینارە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی عێراق لە زیادکردنێکی ئاشکرادا زیاتر لە 272 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەهای دیناریش بەرانبەر بە دۆلار بە وتەی ئاڵوگۆڕکارێکی دراو، “جێگیرە و لە بەرژەوەندی دینارە”.
بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، فرۆشی دراوی بەختینەی راگەیاند، کە زیاتر لە 272 ملیۆن دۆلارە لە مامەڵەکانیدا، بەپێی رێژەی فەرمی 131 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی.
داتاکانی بانکەکە دەریانخستووە کە کۆی گشتی پارەی نەختینەی ناوخۆیی 22,830,000 دۆلار بووە، لەکاتێکدا کۆی گشتی بڕی گواستنەوەکانی دەرەوە کە حەواڵە و قەرز لەخۆدەگرێت، 249,648,467 دۆلار بووە، بەوەش کۆی گشتی فرۆشتن بریتی بووە لە 272,478,467 دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، رەوەز میرزا ئاڵوگۆڕکار لە بازاڕی دراو لە سلێمانی بە 964ی وت، “لە سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە 145 هەزار و 250 دینار بۆ 450 دینار، وە لە بۆرسەی هەولێریش بەهەمان نرخ دەفرۆشرێ بە چەند سەنتێکی کەم جیاوازی هەیە لە هەندێک کاتدا، کە تا رادەیەکی زۆر ئەمڕۆ جێگیری لە بەهای دینار هەیە”.
ئەو وتی، “ئاڵۆزییە چەکدارییەکانی بەغدا بەرانبەر چێشتخانە ئەمریکییەکان دابمرکێتەوە و دۆخەکە تێک نەچێت، ئەوانی دیکە لە بەرژەوەندی دینارە، کە وەک دەبینرێ 197 کۆمپانیای عێراقی و کوردستانی بەهۆی مامەڵەی سپیکردنەوەی پارە لە مامەڵەی دراوی بیانی بێ بەشکراون و بەردەوامیش بانکی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕەو”.
پێشتر، ئەندامی پەرلەمانتاری عێراق، سۆران عومەر بە 964ی راگەیاند، “رۆژی 30.5.2024، بانکی ناوەندی عێراق 197 کۆمپانیای قەدەغەکردووە، لە مامەڵە بە دۆلار لە سەکۆی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی”.
بە قسەی سۆران عومەر،” لەناو کۆمپانیا قەدەغەکراوەکاندا، کۆمپانیا هەن کە خاوەندارێتییەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێ”، ئەوەشی وت، “ئەمە رێگرییە لە سپیکردنەوەی پارە و لە بەرژەوەندی جێگیربوونی زیاتری نرخی دۆلارە لە بەرانبەر دیناری عێراقی”.
(کانی، بلوێر، کامار، سارفان) ناوی ژمارەیەک لەو کۆمپانیا کوردییانەن کە پەرلەمانتار سۆران عومەر لە لیستی کۆمپانیا قەدەغەکراوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 964ی ناردووە، هەروەک، “کۆمپانیای رەونەق ئەربیل، کۆمپانیای ئەسیل ئەربیل، مزایا ئەربیل، ئیشراقەت ئەربیل و لوئ لوئی خانەقین” هەن.