“کابینەی نۆیەم زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بۆ پرۆژە خەرجکردووە”

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 296 پرۆژەی وەبەرهێنان بە بڕی زیاتر لە 15 ملیار دۆلار جێبەجێکراون و پەسەند کراون، بە قسەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری..

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، کابینەی نۆیەم بڕی 15 ملیار و 273 ملیۆن و 173 هەزار و 64 دۆلاری بۆ 296 پرۆژەی وەبەرهێنان خەرجکردووە کە لە ساڵی 2019 تاوەکو 2023 پەسەند کراون و دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە.

بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کابینەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 800 پرۆژە بە سەرمایەى 51 ملیار و 219 ملیۆن و 937 هەزار و 703 دۆلار پەسەند و جێبەجێ کراون.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پرۆژە لە هەولێر جێبەجێکراوە، بەڵام زۆرترین پارە بۆ پرۆژەکانی سلێمانی خەرجکراوە.

بۆ 31 پرۆژە لە سلێمانی زیاتر لە ملیارێک دۆلار و بۆ 39 پرۆژەی هەولێر نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە.

پرۆژەکانی ساڵى 2022 بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون:

-پارێزگاى هەولێر: 39 پڕۆژە بە سەرمایەى 854 ملیۆن و968 هەزار و 618 دۆلار

-پارێزگاى سلێمانى:31 پڕۆژە بە سەرمایەی ملیارێك و 138 ملیۆن و 332 هەزار و 441 دۆلار

-پارێزگاى هەڵەبجە: 1 پڕۆژە بە سەرمایەى 21 ملیۆن و 517 هەزار و 167 دۆلار

-پارێزگاى دهۆک: 12 پڕۆژە بە سەرمایەى 46 ملیۆن و 65 هەزار و 102 دۆلار

-ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: 2 پڕۆژە بە سەرمایەی 60 ملیۆن و 491 هەزار و 874 دۆلار

-ئیدارەى سەربەخۆى راپەرین: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 5 ملیۆن و 393 هەزار و 617 دۆلار

– ئیدارەى سەربەخۆى سۆران: 1 پڕۆژە بە سەرمایەى ٨ ملیۆن و 650 هەزار دۆلار