سەرڕێژ بووە
مەترسى لەسەر بەنداوى دەربەندیخان دروست بووە؟
964+
وریا فەتاح
بەنداوى دەربەندیخان سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەرى بەنداوەکەش دەڵێت، بەردەوام ئاوەکە بەردەدەینەوە بۆ ئەوەى هاوسەنگى لە نێوان داهات و خەرجى دروست ببێت.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ـى وت،”لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، 65 ملیمەتر باران لە سنورى دەریاچەى دەربەندیخان باریووە و بووەتە هۆى سەرڕێژبوونى بەنداوەکە”.
دەشڵێت: بۆ ئەوەى هاوسەنگى لە نێوان داهات و خەرجى بپارێزین، دەستمان کردووە بە بەردانەوەى ئاوەکە لە رێگەى دوو دەرگاى ئاوى سپیلۆییەکان، بەڵام رێژەى بەردانەوەى ئاوەکە دیار نیە، چونکە بەپێى داهاتى ئاو گۆڕانکارى لە بەردانەوەى دەکەین.
بەنداوەکە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بە وتەى بەڕێوەبەرەکەى ئێستا 100% ئاوى تێدایە، هەر بۆیە بە بەردانەوەى ئاو دەیانەوێت پلانى داهات و خەرجى ئاو هاوسەنگ بکەن.
لەبارەى مەترسییەکانى سەر بەنداوەکە، سامان ئیسماعیل وتى،”بەردەوام چاودێرى دەکەین، ناهێڵین مەترسى لەسەر بەنداوەکە دروست ببێت و تائێستاش هیچ مەترسییەک دروست نەبووە”.
داواش لە دانیشتیوان و هاوڵاتیانی نزیک لەڕووباری سیروان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە نزیک کەوتنەوە لە رووبارەکە.
سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان بۆ جاری یەکەمی نیە و لەساڵانی رابردوودا سەرڕێژبووە دواجار ساڵی 2015 بۆ 2016 بووە.
بەنداوى دەربەندیخان لە دواى بەنداوى دووکان دووەم گەورەترین بەنداوى هەرێمە، شوێنی جوگرافی بەنداوەکە دەکەوێتە قەزای دەربەندیخان و لەسەر ڕوباری سیروانە کە لە ساڵى 1955 دەست بە دروستکردنى کراوە و ساڵى 1961 تەواو بووە