خەڵکی ناحیەی سەرسنگە
هاوڵاتییەک لە شاخ کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەمڕۆ هەینی هاوڵاتییەکی گوندی گەرەگۆ لە ناحیەی سەرسنگ لە شاخی بەرێ گارە دەکەوێتەوە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەو هاوڵاتییە تەمەنی 47 ساڵە و بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بە مەبەستی رنینی گژوگیای بەهارە چووەتە شاخ و ئێوارە نەگەڕاوەتەوە، کاتێک کەسوکارەکەی بەدوایدا دەچن دەبینن لە شاخێکی بەرزەوە کەوتووەتە خوارەوە.
عەشقی محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی سەرسنگ بە 964ـی وت، “کەسوکاری هاوڵاتییەکە پەیوەندییان پێوەکردین، کە لە بەیانییەوە رۆیشتووەتە شاخ و بێسەروشوێنە و وەڵامی پەیوەندییەکانی نەداوەتەوە. دوای لێگەڕان و بەدواداچوون پۆلیس بە هاوکاریی هاوڵاتیان، لە شاخی بەرێ گارەی دۆزرایەوە و گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی، “ئێستا پۆلیسەکانمان تەرمەکە لە شاخەوە دێننە خوارەوە و رەوانەی پزیشکی دادی ئامێدی دەکەن”.
گوندی گەرەگۆ دەکەوێتە ناحیەی سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد