گەورەترین پارکی هەولێر پێویستی بە ئاوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ساڵانه‌، کاری رێکخستتنەوە و جوانکاری لە پارکی سامی عه‌بدولڕه‌حمان له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت، به‌پێی ئامارێك ته‌نیا له‌ ساڵى رابردوو 75 هه‌زار گوڵ و نزیكه‌ى 13 هه‌زار دارى جۆراوجۆر له‌و پاركه‌ چێندراون.

پارکی سامی عه‌بدولڕه‌حمان سه‌ربازگه‌یه‌كى رژێمی پێشووى به‌عس بوو، ساڵى 2000، دەستکرا بە ناشتنی 182 هه‌زار دار تیایدا، وه‌ك یادکردنەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی ئەنفالکران لەسەر دەستی ئەو رژێمە. ئەو پارکە دواتر و لە نەورۆزی 2003 بە رووی هاوڵاتیان کرایەوە.

دانا تۆفیق سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌ندازه‌ى هونه‌ریى پاركەکە، بۆ +964 ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان به‌ به‌رده‌وامى له‌ رێگه‌ى تیمه‌ جۆراوجۆره‌كانیانه‌وه‌ كاری رێكخستن و جوانكردن بۆ ئه‌و پاركه‌ ده‌كه‌ن، بە تایبەت لە زستاندا کە خەڵکی کەمتر رووی تێدەکەن.

كێشه‌ و گرفته‌كانى ناو پارك زۆرن، به‌ڵام گرنگترینیان كه‌میی ئاوه‌، دانا ده‌ڵێت، “كێشه‌ى له‌كاركه‌وتن و كۆنى ئۆتۆمبێل و ئامێره‌كانمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وانه‌ گرنگتر كێشه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى بیره‌كانى ناو پاركه‌کەیە”.

“بیره‌كانى ئاو، له‌ناو پارك كه‌میان كردووه‌، ئێستا خه‌ریكین ئاوێكی قورس به‌رامبه‌ر پارك لاى دادگاى هه‌ولێر هه‌یه‌، بیگوازینه‌وه‌ بۆ ناو پارك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئاو له‌ ده‌ره‌وه‌ دابین نه‌كرێت ئه‌وا له‌ مانگى 7 و 8 كێشه‌ى گه‌وره‌مان بۆ دروست ده‌بێت”، دانا تۆفیق وای وت.

به‌پێی قسه‌ى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌، له‌و دوو مانگه‌ى ساڵدا، له‌ یه‌ك چركه‌دا ئه‌و پاركه‌ پێویستی به‌ سێ و نیو لیتر ئاو هه‌یه‌.

به‌پێی ئامارێكیش كه‌ +964 له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌و پاره‌كه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌، له‌ساڵى پار، 38 هه‌زار گوڵى به‌یبى رۆز ئه‌شره‌فی و 12 هه‌زار گوڵى رۆزى نارى و 2900 دارى سیسه‌م و 10 هه‌زار دارى جۆراوجۆرى تر و 25 هه‌زار گوڵى هه‌میشه‌ به‌هار ، چێنراون .
كۆی گشتى داره‌كانیش له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ گوڵى جۆراوجۆر، 250 دارى جۆراوجۆرى تێدایه‌.