ساغکردنەوەی 964
ئایا مامۆستا فاتیح شارستێنی لە وتاردان دوورخراوەتەوە؟
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
ئەمشەو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو هەواڵی دوورخستنەوەی مامۆستا فاتیح شارستێنی بڵاوکرایەوە، گوایە بەهۆی “رەخنە و پابەند نەبوون بە ناونیشانی ئەو وتارەی لەلایەن ئەوقاف بۆی دیاریکراوە” لە وتاردان دوورخراوەتەوە.
تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتى ئەوقافی پارێزگاى هەولێر بە 964ی راگەیاند، “مامۆستا فاتیح شارستێنی دوورنەخراوەتەوە و بە بڕیاری خۆی چەند هەفتەیەکە وتاری نەداوە و ئەو ڤیدیۆیەی مامۆستا فاتیح کە لەبەرنامەکەی قسە دەکات باشترین بەڵگەیە”.
مامۆستا فاتیح شارستێنی پێشکەشکاری پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنییە بەناوی “خۆشەویستی”، لە نوێترین ئەڵقەی پڕۆگرامەکە پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئایا بۆچی چەند هەفتەیەکە وتاری نەداوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، “من فەرمانبەری ئەوقاف نیم، نە کەس دەتوانێ لامبدا و نە کەس دەتوانێ دامبنێت، کار و کەسابەتم لە سلێمانییە و هاتوچۆ بۆ من زەحمەتە، دکتۆرەکەم پێی وتوم ئیسراحەت بکەم، ئەوە هۆکارە کە لە ئێستادا لێتان دوور کەوتوومەتەوە”.
964 پەیوەندی بە کەسێکی نزیکی مامۆستا فاتیح شارستێنی کرد و ئەو وتی، “مامۆستا فاتیح خۆی روونکردنەوەی داوە و دەزگاکانی راگەیاندن لە خۆیانەوە قسە دەکەن، ئەوەی ئەو وتویەتی ئەسڵی بابەتەکەیە و دوورنەخراوەتەوە”.
964 دەزانێت، ماڵی مامۆستا فاتیح شارستێنی لە شاری سلێمانییە، پێشتر رۆژانی هەینی دەهاتە هەولێر بۆ ئەوەی لە مزگەوتی “رێگای بەهەشت” وتار بدات و دواتر دەگەڕاوە سلێمانی.