رۆژی گومرگی جیهانییە
بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم:لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازەکان لەگەڵ بەغدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن
964+
فەهمی نەبی
دوای ساڵێک لە گفتوگۆ هەرێمی کوردستان کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر دەروازەکان بەردەوامن، بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم دەڵێت، هێشتا لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازەکان لەگەڵ بەغدا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد، وتی: سەبارەت بە گومرگ کێشەیەکی ئەوتۆمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام لەبارەی دەروازەکان لەگەڵ بەغدا لەگفتوگۆداین، چەند کۆبوونەوەیەک کراوە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن.
سەبارەت بەو گرفتانەی وایکردووە لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو بابەتە رێککەوتن نەکرێت، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت، کێشەکان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازەکانە، کێشەیەکی دیکە پەیوەندی هەیە بە میکانیزمی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان دەروازەکانی هەرێم و بەغدا.
ئەمڕۆ هەینی رۆژی گومرگی جیهانییە، رێکخراوی گومرگەکانی جیهانی WCO، رۆژی 26ـی کانونی دووەمی هەموو ساڵێکی دیاریکردوە بۆ رۆژی گومرگ لە جیهان، سەبارەت بە بەشداریکردنی گومرگی هەرێم لەهەر چالاکیەکی گومرگی جیهانی ساماڵ عەبدولرەحمان دەڵێت، بەشداری هیچ چالاکیەکی جیهانیمان نەکردووە سەبارەت بە گومرگ.
هەرێمی کوردستان چوار مەرزی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازەی بازرگانی هەیە، هاوکات دوو بەڕیوەبەرایەتی کارگۆی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی هەیە، بەپێی داتایەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم، بەتەنیا گومرگی ئیبراهیم خەلیل %50ی داهاتی گومرگەکانی تری هەرێمی هەیە.