هۆکارەکەی بزانە؟
چوار گوندی دەڤەری بەرگارە چۆڵ کراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چەند رۆژێکە چوار گوندی دەڤەری بەرگارەی لە سنوری قەزای ئامێدی چۆڵ کراون بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنیەتی گوندەکان.
لە سنوری قەزای ئامێدی 358 گوند هەیە و لە ئێستادا 206 گوند چۆڵ کراون.
هەریەک لە گوندەکانی (مژێ، کەڤنە مژێ، گێرگاش و سپیندار خەلفو) لە دەڤەری بەرگارەی ناحیەی دێرەلۆک چۆڵکراون ئەو گوندانە 120 ماڵیان تیادایە و 10 کیلۆمەتر لە ئامێدییەوە دوورن
حاجی حەمزە بەرگارەیی، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی گێرگاشە بە 964ـى وت، چەند رۆژێکە گوندەکەمان چۆڵکراوە، بەهۆی ناسەقامگیری دەڤەرەکە و هەبوونی پەکەکە لەناو گوندەکەمان زۆر جێگای مەترسی بووە.
وتیشی، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئامێدی ئاگادار کراوینەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک لە ناو گوند نەمێنن و دوور بکەوینەوە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین چارەسەریێکمان بۆبدۆزنەوە چونکە ژیان و مەعیشەتمان لە گوندەکانمانە .
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای ئامێدی بە 964ـى وت، چوار گوند بەهۆی مەترسی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا چوڵکراون.
وتیشی، زۆربەی شوێنەکانی گوندەکان چەکدارانی پەکەکەی تیادا بووە لەناو، لە درەنگانی شەوان هاتۆچۆیان کردووە لەناو گوندەکەندا.
بەقسەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، زۆربەی گوندەکانی دیکەش مەترسی چوڵکردنیان لەسەرە بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لەو ناوچانە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی