کەى ئاسایى دەبێتەوە؟

بەفر مەرزى کێلێى داخست

وریا فەتاح

بەفربارین مەرزى کێلێى داخست و بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕینیش دەڵێت: ئێمە دیوى خۆمان پاککردووەتەوە و کێشەمان نییە، رێگاى مەرزەکە لە دیوى ئێرانەوە پاکنەکراوەتەوە.

لە بەیانى ئەمڕۆ شەممەوە، بەهۆى بەفربارینەوە هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە مەرزى کێلێى سنوورى قەزاى پشدەر وەستاوە، جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ى وت، “ئێمە رێگاى دیوى خۆمان پاککردووەتەوە و هیچ کێشەیەکمان نییە و هاتووچۆ بۆ مەرزەکە هەیە، بەڵام رێگاکە لە دیوى ئێرانەوە پاکنەکراوەتەوە و بەو هۆیەوە ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆ لە مەرزەکەوە وەستاوە”.

“لە دیوى هەرێمى کوردستانى مەرزەکەوە، زیاتر لە 20 ملیمەتر بەفر باریوە و تیمەکانى پاککردنەوەش بەردەوامن لە راماڵین و پاککردنەوەى رێگاکە”، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین واى وت.

لە بارەى ئاساییکردنەوەى هاتوچۆ لە مەرزەکەوە، جەوهەر رەسوڵ دەڵێت: تا ئێستا هاتوچۆ وەستاوە، بەڵام پێشبینى دەکرێت لە ئێوارە یان لە سبەینێوە، هاتوچۆ ئاسایى بکرێتەوە و ئێرانیش دیوى خۆیان پاکبکەنەوە.