لە شارى کەرکوک

مانگرتووانى گەڕەکى نەورۆز لە بەردەم ماڵەکانیان نوێژى هەینیان ئەنجامدا

کاروان ساڵحی -کەرکوک

لەبەردەم خێوەتی مانگرتوانی گەڕەکی نەورۆزى شارى کەرکوک، دانیشتوانى گەڕەکەکە نوێژی هەینیان ئەنجامدا.

لە یانزەم رۆژى هەڵکوتانە سەر گەڕەکى نەورۆزى شارى کەرکوک لەلایەن فیرقەیەکى سوپاوە، وتارى هەینى لە ناو گەڕەکەکە و لەبەردەم خێوەتى مانگرتووان ئەنجامدرا و دانیشتوانى گەڕەکەکەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ماڵەکانیان چۆڵ ناکەن.

ئەحمەد کەرکوکى، پێشنوێژ و وتارخوێنى ئەم هەینییەى گەڕەکەکە بوو و لە بەردەم نوێژخوێنانى گەڕەکەکە، باشى لە گرنگى و شوێنى نیشتەجێبون کرد لە ئیسلامدا.

ئەو وتاربێژە کە بە ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هەڵبژێردراوە، لە لێدوانێکى تایبەت بە 964 وتى،”لەروى سیاسى و شەرعییەوە، رێگە پێدراو نییە هەڵبکوترێتە سەر ماڵى خەڵک، بۆیە پێویست دەکات سیاسییەکان هەوڵى تەواو بدەین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان”.

دانیشتوانى گوندى تۆپزاواش بۆ پشتگیرى دانیشتوانى گەڕەکەکە هاتوون و ساتع ناسیح کە دانیشتویەکى تۆپزاوایە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”هاتوین بۆ پاڵپشتیان و ئەنجام دانی نوێژی هەینى هاوبەش، هەردولامان هەمان کێشەمان هەیە بە دەستی سوپاوە”.

دواى هەڵکوتانە سەر ماڵەکانى گەڕەکى نەورۆزى شارى کەرکوک، ماوەى 11 رۆژە دانیشتوانى گەڕەکەکە مانگرتنین ئەنجامداوە و ئامادەنین خانووەکانیان چۆڵ بکەن کە زیاتر لە 21 ساڵە تێیدا نیشتەجێن.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح