لە قوتابخانەکانی بەحرکە دەستیان پێکردووە
چەند گەنجێک بەخۆڕایی قژی منداڵی خێزانە کەمدەرامەتەکان چاک دەکەن
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
چەند گەنجێکی سەرتاش لە بەحرکە، بە شانە و مقەستەوە بەدوای ئەو منداڵانە دەگەڕێن کە لە خێزانە کەمدەرامەتەکانن و بەخۆڕایی قژیان بۆ چاک دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو گەنجە خۆبەخشانە سەردانی قوتابخانەی ژێداری کوڕانیان لە بەحرکە کرد و قژی 34 قوتابیان چاککرد.
یاسین سدقی، سەرپەرشتیاری ئەو گروپە خۆبەخشەیە بۆ 964 وتی، “ئەمڕۆ بەفەرمی یەکەمین چالاکی سەرتاشیمان ئەنجامدا، ئێمە چوار سەرتاش بووین، ئەو دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەو قوتابیانەی لەلایەن مامۆستاکان ئاگادارکراونەتەوە قژیان بتاشن، لەلایەکی دیکە هەموو ئەو منداڵانە لە خێزانەکانیان کەمدەرامەت بوون”.
بەوتەی سەرپەرشتیاری گروپەکە، بەنیازن بەهەماهەنگی پەروەردەی دەوروبەر و قوتابخانەکانی بەحرکە، لەماوەی چەند مانگێک هەموو قوتابخانەکانی ئەو سنوورە بەسەر بکەنەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی