ئەوانەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشدارن

بڕیارە هەر یانەیەکی کوردستان 3 ملیار دیناری پێ بدرێت

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بڕیار وایە هەر یانەیەکی کوردستان کە بەشدارە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق وەک یانەکانی دیکەی عێراق بۆ هەریەکەیان سێ ملیار دیناری بۆ خەرج بکرێت.

چیایی تەیمور عەبدال، سەرۆکی لیژنەی وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی عێراق بە 964ی وت، سێ مانگ دەبێت ئەو پێشنیازە هەیە و (ئەیاد بنیان) هاوکارێکی باشی ئەم پێشنیازەیە، لەرێگەی راوێژکاری وەرزشی سەرۆک وەزیرانی عێراق توانیمان قەناعەت بە سودانی بکەین، کە بڕیار لەسەر شایستە داراییەکانی یانەکانی کوردستان بدات.

بەگوێرەی قسەی چیایی تەیمور، لەو نوسراوەی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە، ئەگەر شایستەی دارایی نەدرێتە یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکشێنینەوە ئەمەش دەبێتە عەیبەیەکی گەورە.

لە عێراق یانەکان دابەشی دوو جۆر دەکرێن، یانەی تایبەت و یانەی دامەزراوە، ئەوانەی یانەی تایبەتن سێ ملیاران پێدراوە، پێشنیازەکان ئەوەیە لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر خەرجکردنی ئەو پارەیە بدرێت.

د.عبداللە جەلال، سەرۆکی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، “ئەم بریارە زۆر دلخۆشکەرە و ئەگەر تەنیا یەک ملیارمان پێبدرێت هەر باشە، چونکە هەر یانەیەک قەرزی لەسەرە و دەتوانین قەرزەکانمان بدەینەوە”.

سەرۆکی یانەی وەرزشی دهۆک دەڵێت، “داوا دەکەین بەرپرسەکانی پەیوەندیدار چاودێری بابەتەکە بکەن بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێ کردن، چونکە رێگری زۆر هەیە”.

پێداچوونەوەی: فەهمی نەبی

لاوانی یانەی دەربەندیخان پارەی کڕینی ئاوی خواردنەوەیا...

لاوانی یانەی دەربەندیخان پارەی کڕینی ئاوی خواردنەوەیان نییە