نزا دەکەن نەخۆش نەکەون

ناحیەى بنگرد دواى 12ى شەو بێ نۆرینگەیە

+964
بەرزان عوسمان – دوکان

هیچ ناوەند و بنکە و نۆرینگەیەکى 24 کاتژمێرى لە ناحیەى بنگرد بوونى نییە، هاوڵاتیانى شارەدێیەکە نزا دەکەن دواى کاتژمێر 12ى شەو نەخۆش نەکەون.

لە ناحیەى بنگرد تەنیا دوو نۆرینگەى پزیشکى هەن، بەڵام 24 کاتژمێرى نین و لە دواى 12ى شەوەوە دادەخرێن، بیلال حەمید، کە دانیشتوویەکى شارەدێیەکەیە بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: لەدوای کاتژمێر 12ى شەوەوە هیچ نۆرینگە و نەخۆشخانەیەک لە ناو ناحیەکەدا نییە، ئەگەر نەخۆشێکت هەبێت دەبێت بە ناچاری بیگەیەنینە نەخۆشخانەکانی قەزای رانیە، کە ئەوەش بۆ ئێمە دوورە و بارگرانییەکی زۆرە.

بە پێى وتەى مستەفا ئەحمەد کە هاوڵاتییەکى دیکەى ناحیەکەیە، نەبوونى نۆرینگە لە درەنگانى شەودا، ناچارى کردوون بە ئۆتۆمبیلى خۆیان نەخۆش بگەیەنن بە نەخۆشخانەیەکى رانیە، ئەوەش بە مەترسى دەزانێت، چونکە وەک خۆى دەڵێت، ” شەوان رێگاکە کەڵکى نییە”.

لە بارەى کێشەکەوە، بارزان سدیق، لێپرسراوی مەڵبەندی تەندروستی بنگرد بە 964 ی وت،”ساڵانی پێشوو مەڵبەندەکەمان 24 کاتژمێری بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی کارمەندەوە نەمانتوانیوە مەڵبەندەکەمان بکەینەوە بە 24 کاتژمێرى”.

هەرچەند سەرووى خۆیان لە گرفتەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وەک ئاماژەى پێدەکات، بەهۆى ئەوەى دامەزراندن نییە، نەتوانراوە تەنانەت پزیشک و کارمەندى پێویستیش بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکەن.

بنگرد، یەکێکە لە شەش ناحیەکەى سەر بە قەزاى دوکان، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە 10 هەزار کەسە و دەکەوێتە ناوچەى مەرگە.

پێداچونەوە: وریا فەتاح

جوتیارانی ناحیەی بنگرد دەڵێن تەنیا ناوی ئێمە لە پلانی ...

جوتیارانی ناحیەی بنگرد دەڵێن تەنیا ناوی ئێمە لە پلانی کشتوکاڵی ئەمساڵ نەنوسراوە