وێنەی ئەو درۆنەی خۆی بە باڵەخانەیەک کێشاوە. وێنە:دژە تیرۆری کوردستان.
ئێوارەی ئەمڕۆ بووە
لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا
وریا فەتاح
ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، درۆنێکى بۆمبڕێژکراو خۆى بە باڵەخانەیەکى مەدەنیدا کێشاو زیانى گیانى لێنەکەوتەوە، ئەمەش بەپێی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان.
دژە تیرۆرى کوردستان بڵاوى کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 6:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
دوای هێرشەکە گروپەکانی نزیک لە ئێران رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینى، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتە بەر هێرشى موشەکى.
دواتریش فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا، وێڕاى ناڕەزایەتى دەربڕین لە بەئامانجگرتنى دیپلۆماتکارانى بیانى داواشى لە بەرپرسانى ئەمنى کرد، ئەنجامدەرانى ئەو کردەوانە دەستگیر بکەن. بەڵام دواى راگەیەنراوەکە بەچەند کاتژمێرێک دواتر، بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە شاری بەغداد موشەکباران کرا.