ئاوارە ئێزدی و عەرەبەکان لە بڕیاری گەڕانەوەیان ناڕازین
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەشێک لە ئاوارە ئێزدیی و عەرەبەکانی کەمپی ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی، پێشوازی لە بڕیاری گەرانەوەیان ناکەن، کوردە ئێزدییەکان داوای نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان و عەرەبەکانیش داوای دابینکردنی ئاسایش دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، شەش مانگیان دیاریکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان لە عێراق و داواى لە لایەنە سیاسییەکانیش کرد کە دەست لەو دۆسیەیە وەرنەدەن و بۆ موزایەدەى سیاسى و ناوبانگ بەکاری نەهێنن.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی (NRC) دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای عێراق بۆ دەرکردنی داعش، هێشتا دوو لەسەر سێی دانیشتوانی شنگال – زیاتر لە 193 هەزار ئێزدی و عەرەب و کورد – بە ئاوارەیی ماونەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای عێراق جارێکی دیکە لە قەزاکەدا زیاتر لە 10 هەزار و 260 کەس ئاوارە بوون.
خودێداد عوسمان رەشۆ، کە کوردێکی ئێزدی نیشتەجێی کەمپی عەربەتە بە 964+ی وت، “سەرجەم ماڵەکانمان وێران بوون، ھیچ شوێنێکمان نییە تێیدا دابنیشین، مەگەر بچینەوە بۆ شنگالیش لەوێش خێمە ھەڵبکەین، باشتر وایە ھاریکاریمان بکەن و قەرەبووی ئەو زیانە ماڵییانەمان بکەنەوە کە بەسەرماندا ھاتووە، ئەگەر دەیانەوێت بگەڕێینەوە.”
رێکخراوی NRC راپرسییەکی لەگەڵ 1500 کەسی ئاوارە و گەڕاوەی شنگال ئەنجامداوە بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی بڕیاردان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال، لە سەدا 64ی بەشداربووان رایانگەیاندووە، ماڵەکانیان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، 32%یش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی دۆخی ئەمنی شەنگال رێگری دەکات لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە.
لەسەدا 70ی ئەوانەی گەڕاونەتەوە وتوویانە، کەمیی خانووبەرە و زیادکردنی کرێی خانوو هۆکاری سەرەکی ناکۆکی کۆمەڵایەتییە لەنێو ئەو کەسانەی کە پێشتر گەڕاونەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، لەسەدا 99ی خەڵکەکەش، هیچ بودجەیەکیان بۆ قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی زیانلێکەوتوو وەرنەگرتبوو.
لە هەرێمی کوردستان 15 کەمپی ئاوارە بوونیان هەیە، شەشیان لە هەولێر، چواریان لە سلێمانی و پێنجەکەی تریان لە دهۆکن و 664 هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتووە، کە لە دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش ئاوارەی هەرێم بوون.
نزیکەی نۆ ھەزار و 500 ئاوارەی کوردانی ئێزیدی (شەبەک) و عەرەبی سوننە لە کەمپی ئاشتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەژین.
ئاوارەکانی کەمپی ئاشتی، لەساڵی 2014ەوە پاش ھێرشی رێکخراوی چەکداری داعش، وەک شوێنێکی سەلامەت جێگایان بۆ کرایەوە، رەکیە کە ژنێکی کوردی ئێزدییە دەڵێت، “شوێنی خۆمان (شنگال) لەھەموو شوێنێکی دیکە خۆشترە، ئێمە دەمانەوێت خۆمان بگەڕێینەوە، باوک و برا و دایکمان بگەڕێنەوە، ئێمە لەوێ گەورەبووین بۆیە حەز بە خاکی خۆمان ئەکەین”.
لە کەمپی ئاشتی، خێزانە عەرەبەکانی پارێزگای سەڵاحەدینیش دەژین، ئیبتسام حەسەن کە ژنێکی بە رەگەز عەرەبە بە 964+ی وت، “داوامان لێ دەکەن شەش مانگی داھاتوو ئێمە بگەڕێینەوە، بەڵام ناوچەکانی ئێمە ئاسایش و ئارامی تێدا نییە، خۆشمان توانای داراییمان باش نییە، چۆن بتوانین خەرجی ماڵ و منداڵەکانمان دەستەبەر بکەین”.
دەشڵێت، “ئەگەر بەزۆر دەمان نێرنەوە، ئەوە بێ ویژدانییە، داوا لە حکومەتی عێراقی و براکانمان ئەکەین ئاسایش و ئارامیمان بۆ دابین بکەن، ئێستا کەمپی ئاشتی ئارامترە وەک لە ناوچەکەی خۆمان لە سەڵاحەدین، ئیتر چۆن بگەرێینەوە.”