گۆڕانکاری لە دیزاینەکەیدا کراوە

دەست بە دروستکردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دەکرێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆک کە لەسەر هەزار هێکتار زەوی دروستدەكرێت، پرۆژەكە لە قۆناغی دووەمی جێبەجێكارییەوە دەست بەکارکردن تێیدا دەکرێتەوە.

بە گوێرەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بێت، ئێستا کاری نەخشەسازی و پێداچوونەوە بە پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك تەواو بووە و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.11.2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە پێگەی فەرمی حکومەتی وتووە، نەخشەسازیی كۆنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك، كە پێشتر دانرابوو، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری تێدا كراوە و نەخشەیەكی نوێی بۆ دانراوە.

نۆ ساڵە ١٠٪ی فڕۆکەخانەی دهۆک دروستکراوە

نۆ ساڵە ١٠٪ی فڕۆکەخانەی دهۆک دروستکراوە

هەروەها دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم پرۆژەیە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی یەكەم پێداچوونەوەیە بە ماستەرپلان و نەخشەی پرۆژەكە، قۆناغی دووەم جێبەجێكردنە بە رووبەری هەزار هێكتار زەوی، كە بە گوژمەی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت.

پرۆژەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆك، بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە رابردوودا كارەكانی وەستا، بەڵام لە مانگی ئەیلوولی 2021، حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كاركردن لە پرۆژەکەدا دەستپێدەکاتەوە.