500 دۆلار بۆ یەک شەو مانەوە لە هۆتێلێکی سلێمانی

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ڤیدیۆ

بەهۆی پشوەکانی سەری ساڵەوە نرخی مانەوە لە هۆتێلەکانی شاری سلێمانی بەرز دەبێتەوە، لە یەکێک لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان نرخی یەک شەوی مانەوە بۆ یەک کەس بووەتە 500 دۆلار.

964+ دەزانێت، لە شاری سلێمانی حەوت هۆتێلی پێنج ئەستێرە هەن، بەڵام هۆتێل گراند ملینیۆم یان شاری جوان، دەبێتە گرانترین هۆتێل، کە نرخی مانەوە بۆ کەسانی سینگڵ لە ژوورێک گەیشتووەتە 500 دۆلار و بۆ خێزانێک گەیشتووەتە 700 دۆلار و بۆ بوک و زاواش گەیشتووەتە هەزار دۆلار.

ئەو زانیارییەی سەرەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هۆتێل شاری جوان بە 964+ی راگەیاند.

بەڕێوەبەری دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی بە +964ی وت، “بوونی بازاڕی ئازاد وایکردووە ئەو قۆرخکارییە دروست بێت، خاوەن ھۆتێلەکانمان ناچارکردووە نرخ ھەڵبواسن تا گەشتیار ئازادبێت لەمانەوە لەناو ھۆتێلەکە”.

 بە قسەی ئەو، بۆ پشووی سەری ساڵ 15 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شاری سلێمانی و پێشبینی هاتنی دوو هێندەی دیکە گەشتیار دەکرێت، کە زۆرینەیان خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.

964+ دەزانێت، کۆبوونەوە لەنێوان قائیمقامیەتی سلێمانی، دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی و خاوەن ھۆتێلەکان کراوە، لەو کۆبوونەوەیە خاوەن هۆتێلەکان داوایانکردووە بۆ سەری ساڵ سەدا 20 نرخەکان بەرزبکەنەوە.

ئارام شوانی، لەو بارەیەوە وتی، “پێمان وتوون، ئەگەر زیادیشتان کرد بە ئوسوڵ زیادی بکەن”.

ھاوکار سەردار، خاوەن ھۆتێل مەم و زین کە هۆتێلێکی سێ ئەستێرەیە، لە سەرچناری سلێمانی وتی، “لای ئێمە ژووری ئاسایی لە 40 ھەزار دینار تا 100 ھەزار دینارە، بەڵام ژووری ڤی ئای پی لە 40 دۆلار تا 100 دۆلارە”.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە تێکڕای ماوەی ئەمساڵی 2022، دوو ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شاری سلێمانی، کە هەزار و 600 شوێن هەن لەو پارێزگایە مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە.