زیاتر لە 400 دەستنوسە
ئامێدی داوای دەستنوس و کتێبە کۆنەکانی دەکات
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
زیاتر لە 400 دەستنوس و کتێبی مێژوویی کۆنی ئامێدی لە مۆزەخانەی بەغدان.
لایەنە پەیوەندیدارەکان و نووسەران و رۆشنبیرانی ناوچەی ئامێدی داوا دەکەن ئەم دەستنوسانە بگەڕێندرێنەوە بۆ کتێبخانەی ئامێدی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئامێدیش دەلێت، لایەنی پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووە.
لە ساڵی 1019 تا 1961 زیاتر لە 400 دەستنووسی مێژووی کۆنی ئامێدی لە زانکۆی قوبەهان براونەتە مۆزەخانەی بەغدا.
سەلمان نهێلی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئامێدی بە 964ـى وت، ئێمە لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داوای دەستنووس و کتێبەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە کتێبخانەکەمان، تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە.
وتیشی، ئەگەر نوسراوی رەسەنیش نەبێت داوای نوسخەی نوسراوەکان دەکەین چونکە زۆر شت لەبارەی مێژووی کۆنی ئامێدی تێیدا نووسراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێدی یەکێکە لە کۆنترین و مێژویترین شارەکانی هەرێمی کوردستان، شوێنی سەرچاوەی زانست و زانیاری بووە لە کۆندا، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کتێب و دەستنووسە کۆنەکانە.
بەقسەی بەڕێوەبەری کتێبخانە، هەندێکیان مۆری پاشا و میرەکانی ئامێدییان بەسەرەوەیە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕ لە ناوچەکە لەساڵی 1916هێزەکانی ئینگلیزی بەریتانی ژمارەیەک کتێب و دەستنووسی کۆنیان سووتاندن و لەناوبردن.
بەپێی زانیارییەکانی کتێبخانەی ئامێدی، زۆربەی ئەو کتێبانەی لە بوارەکانی فەلەکناسی، فەلسەفە، تەندروستی، مێژوو، دەستنووسە کۆنەکان مێژووی ئامێدین لە بەغدا پارێزراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی