سورچیيەکان دوو شەقامی سۆران کۆنتڕۆڵ دەکەن

“ناویان لێنا بازاڕی سورچیان، شارەوانیش دەڵێ ئاوا نابێ”

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

زیاد لە ٤٠ دوکانداری ناوچەی سناعەی کۆن لە قەزای سۆران، ناوی بازاڕەکە دەگۆڕن بۆ بازاڕی سورچیان، شارەوانیش دەڵێت، ناکرێ هاوڵاتیان بە ئارەزووی خۆیان ناوی شوێنەکان بگۆڕن.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، کۆمەڵێک دوکانداری ناوچەی پیشەسازی لە شاری سۆران، کە ژمارەیان زیاد لە ٤٠ دوکاندار دەبوون، ناوی بازاڕەکەیان لە سناعەی کۆن گۆڕی بۆ بازاڕی سورچیان، بیانووی دوکاندارەکان ئەوەیە بەشی هەرە زۆریان لە عەشیرەتی سورچین.

لاوە سۆفی، دوکاندارە، بە 964+ی وت: “لەسەر پێشنیاري من ناوی بازاڕەکە گۆڕاوە، خەڵک پێی دەڵێن سناعەی کۆن، ٪٨٠ ی دوکاندارەکانيش سورچين، لە هەولێریش بازاڕی سورچیان هەیە، ئێ توخوا لۆ ناوەکەی نەگۆڕین و بیکەینە بازاڕی سورچیان”.

سناعەی کۆن، دوو شەقامی گەورەیە لە چەقی بازاڕی سۆران، دوکاندارەکانی ئەو بازاڕە کاری کۆنەفرۆشی و دروستکردنی کەرەستەی ماڵ لە ئەلەمنیۆم دەکەن.

964+ پەیوەندیي بە سەوری شوکری، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری سۆران كرد، لەو بارەیەوە ئەو رایگەیاند: هاوڵاتیان بەبێ مۆڵەتی شارەوانی ناتوانن لە خۆیانەوە ناوی شوێنەکان بگۆڕن، رێکاری گۆڕانکاری بۆ ناوی هەر بازاڕێک، پێویستە داواکاريي پێشکەش بە شارەوانی بکرێت، دواتر ئەو داوایە بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی، لەوێشەوە بۆ قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، دوای رەزامەندی، ئینجا دەتوانن ناوەکەی بگۆڕن.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی ئەوەشی وت: “ئەو هاوڵاتيیانە بە شێوەیەکی ناشارستانی ئەو کارەیان کردووە”.

بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکانی کوردستان، بە ناوی کەسایەتی و عەشیرەتەکانەوەیە، لە شاری هەولێریش بازاڕێک هەیە بە ناوی بازاڕی سورچیان.