پەناگە ئارامەکەی ئەوروپاش بۆ کوردان ئارام نیە

+964
فەهمی نەبی – هەولێر

لەوە دەچێت چیتر ئەوروپا بۆ کوردان پەناگەیەکی ئارام نەبێت، دوژمنانی دۆزی کوردو بزاڤی رزگاریخوازی کورد، لە ئەوروپاش واز لە کەسایەتییە چالاکەکانی کوردو، ناوەندە رۆشنبیری و کولتوورییەکانی کورد ناهێنن.

دواهەمین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کۆمەڵەی کولتووری ئەحمەد کایە بوو لە ناوچەی ١٠ـی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە سێ چالاکوانی کورد تێیدا شەهید کران.

کردە تیرۆریستییەکە، دوێنێ هەینی ٢٣ـی کانونی یەکەم روویدا، بەپێی ئاژانسی هەواڵی AFP ـێ فەڕەنسی بێت، کردە تیرۆریستییەکە لەلایەن پیاوێکی فەڕەنسی تەمەن ٦٩ ساڵە روویداوە، دەڵێن پاڵنەری نەژزاد پەرستی لە پشتەوەی رووداوەکەوە بووە.

لەنێو قوربانییەکانی کردە تیرۆرستیەکەی پاریس، هونەرمەند میر پەروەر هەیە، ئەو خەڵکی باکوری کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٢٠ گۆرانیەکی بۆ شاری هەولێر وتووە.

قوربانییەکی دیکە، ئەمینە کارایە، ئەو چالاکوانی بزوتنەوەی ژنانی کوردە لە فەڕەنسا، جگە لەم دووە، عەبدوڵلا کزیلیش، یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکان کە ئەویش چالاکوانێکی کوردە.

دوای کردەوە تیرۆرستییەکە، خێرا کاردانەوەکان دەستیان پێکرد، کوردانی رەوەندی دانیشتووی پاریس خۆپیشاندانیان ئەنجامداو هێشتا چاوی کەسوکاری قوربانیانی کردەوەکە، فرمێسکی لێ دەڕژا، کەچی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بووەوە.

هەر زوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەسەر هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند؛ کوردەکانی فەرەنسا لەنێو دڵی پاریس بونە ئامانجی هێرشێکی قێزەوەن.

تویتەکەی ٣٥ وشە بوو، بەڵام بەدوای خۆیدا حکومەتی فەڕەنسای هێنایە سەرخەت و، جیرالد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لە شوێنی روداوەکە ئامادە بوو، چەند سەد مەترێک لەدووری ئەو خۆپیشاندەرانی کورد، بۆ میدیاکان قسەی کردو رایگەیاند؛ لەسەر داوای سەرۆک کۆمار، رۆژی ٢٤ی کانونی یەکەم، پێشوازی لە نوێنەری رەوەندی کوردی دەکەم و لەگەڵیان کۆ دەبمەوە.


لە ساتی کردەوە تیرۆرستیەکەوە، تا ئامادەکردنی ئەم بەدواداچوونە، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا پێنج تویتی لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەسەر کردەکە کردووە.

بێریڤان فورات، ئەندامی ئەنجومەنی دیموکراتی کوردی لە فەرەنسا  CDKFرایگەیاند؛ ئەو شوێنەی کردە تیرۆرستیەکەی لێ ئەنجامدراوە چەندین دوکانی نەتەوەو پێکهاتەی جیاوازی تری لێیە، بۆچی تەنیا کورد کراوەتە ئامانج؟

ناوەندە کوردییەکانی نزیک لە پەکەکە، ئۆباڵی کردەوە تیرۆرستییەکە دەخەنە ئەستۆی تورکیا، بەڵام هێشتا پۆلیسی فەڕەنسی هیچی لەو بارەیەوە رانەگەیاندوو، هێندە نەبێ پۆلیسی شاری پاریس، دەڵێت؛ پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵەی هەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسی کردەکەی ئەنجامداوە، هەمان سەرچاوە دەڵێت هۆکاری ناژاد پەرستی لە پشتی رووداوەکە بووە.


زانیاری دەستکەوتوو لەسەر ئەو کەسەی کردەکەی ئەنجامداوە، هێندەیە، لۆر بیکیو، داواکاری گشتیی پاریسە، دوای هێرشەکە رایگەیاندووە، ئەو کەسە پێشتر شوفێری شەمەندەفەر بووە، ساڵێک لەمەوبەر هەوڵیداوە بە چەقۆ هێرش بکاتەسەر دوو کۆچبەر، بەڵام دەستگیر کرابوو، هەمووی ماوەیەکی کەمە بە کەفالەت ئازادکراوە.

لە کوردستانیش کاردانەوەکان خێرا بوون، لە ئاستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کەسایەتییە سیاسییەکان و حزبەکان، هەموویان بەیەکەوە ئیدانەیان کرد.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوو تویتی جیاوازدا دەنووسێت “سوپاسی سەرۆک ماکرۆن دەکەم، ئیدانەی هێرشەکە دەکەم، فەڕەنسا هەمیشە پشتیوانی کورد بووە”.

کاردانەوەی وڵاتانیش بە رستەی جیاواز دڵنەواییان نیشاندا، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بەبێ ئەوەی ناوی کورد بهێنێ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دەنووسێت “بیرکردنەوەکانم لەگەڵ قوربانی و خانەوادەکانیانە”.

هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ سۆزمان لەگەڵ خەڵکی کوردە لەو رۆژە خەمناکە.

ئەو کردەیە، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوی ساڵیادی تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس، لە نۆی کانونی دووەمی ٢٠١٣، کە تیایدا هەریەکە لە ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز تیرۆرکران.

سەرکردەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەمیشە ئەوروپایان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ چالاکییە سیاسییەکانیان لێیان روانیوە، چ بۆ چالاکی سیاسی یانیش هەڵاتن و خۆ حەشاردان لەدەست دوژمنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ هەموو رەوەندێک و کەسایەتییە سیاسییەکان، کەچی دوژمنانی کورد، ئارامی ئەوروپایان قۆستووەتەوەو پەلاماری سەرکردەی حزبەکان و کەسایەتییەکانی کوردییان داوە.


لە ٨ی کانونی دووەمی ١٩٧٩، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لەلایەن دەزگای سیخوری حزبی بەعس، هەوڵی تیرۆرکردنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدرێت.


١٠ساڵ دوای ئەو رووداوە، هەر لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لە ١٣ـی تەمموزی ١٩٨٩، عەبدولرەحمان قاسملۆ، سکرتیری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ عەبدوڵلا قادری ئازەر، لەلایەن ئێرانەوە تیرۆرکران.


دوای چوار ساڵ، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٢، د.سادق شەرەفکەندی، سکرتیری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، تیرۆرکرا .


زیاد لە نیوسەدەیە وڵاتانی ئەوروپا پەناگەیەکی ئارامن بۆ چالاکوانان و بەرهەڵستکارانی وڵاتان، بەڵام ئەم پەناگەیە بۆ کورد وا نەبوە، کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە ئەوروپا روبەڕووی تیرۆر و راوەدونان بونەتەوە.