فەرشفرۆشێک وا دەڵێت

“یەک فەرش بە 15 دەفتەر دۆلار فرۆشراوە”

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

فرۆشیارێکی فەرش دەڵێت، لەماوەی رابردوودا گرانترین فەرش کە فرۆشتوومانە نرخەکەی بە 150 هەزار دۆلار بووە، واتا 15 دەفتەر دۆلار.

شارۆ نوری فرۆشیاری فەرشە بە 964ی وت، “تا ئەم ساتە گرانترین فەرش فرۆشتوومانە، لەسەر داخوازی هاوڵاتییەک بووە لە هەولێر، داوای فەرشێکی گەورەی لە ئاوریشم دروستکراوی کرد و بۆمان بە دروستکردندا نرخەکەی نزیکەی 150 هەزار دۆلار بوو”.

بەوتەی ئەو فرۆشیارەی فەرش، فەرشی ئێرانی کۆنتڕۆڵی بازاڕی کردووە، لەبەر ئەوەی نەخشی کلاسیک خواستێکی زۆری لەسەرە، فەرشی ئێرانی لە 440 شانەوە هەیە تا هەزار و 700 شانە، تا شانەی زیاتر بێت وردەکاری جوانترە، هەریەکە لە خوری و ئاوریشمی هەیە.

لەبازاڕی فەرشفرۆشی، کەمترین نرخی فەرش گەر سێ بە چوار مەتر بێت لە 250 دۆلارەوە دەست پێدەکات، گرانترینیان ئەگەر بە ئاوریشم بێت و بە دەست دەروستکرا بێت، چوار هەزار و 500 دۆلارە.

فەرشفرۆشەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی سلێمانی لە سنووری ئێرانەوە نزیکە هەر فەرشێکی بیانەوێت داوا دەکرێت و بۆیان دەنێرن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هاوڵاتیان سەردانی دوکانەکانی تایبەت بە فەرش فرۆشتن دەکەن، فرۆشیارێک دەڵێت، بازاڕی فەرش زۆر زیاترە لە بازاڕی کومبار، لەبەر ئەوەی فەرش بۆ ساڵانێکی زۆر دەمێنێتەوە و تێکناچێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

پێداویستی خوێندن بۆ سێ دایەنگەی گەرمیان دابیندەکرێت

پێداویستی خوێندن بۆ سێ دایەنگەی گەرمیان دابیندەکرێت