پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا وەک خۆی دەمێنێتەوە

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

لە چەند رۆژی رابردوو، ١٣ بۆ ١٤ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دراوە بە هاوڵاتیان، بەڵام لە گەرمیان جۆرێکی ترە، لەوێ زستان درەنگتر دێت، ١٧ بۆ ١٨ کاتژمێر کارەبایان پێدراوە، ئەمە بە قسەی وەزارەتی کارەبا.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ 964+ زانیاریی لەبارەی پێدانی کارەبا و سیستمی پێوەری زیرەک ئاشکرا کرد.

ئەو وتی، بەر لەوەی دەست بکەن بە پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک، رێژەی ونبوونی کارەبا سەدا ٤٤ بووە، بەڵام ئێستا بووە بە سەدا ١٠، بەڵام کاریگەرییەکانی بە کەمیی دەردەکەوێت و ناتوانن کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای پێ زیاد بکەن.

لە حوزەیرانی ٢٠٢١ دەستکرا بە پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی سایتی وەزارەتی کارەبا، ئەو پرۆسەیە لە پێناو کەمکردنەوەی سەرپێچیکردنە لە بەکارهێنانی کارەبا و لەو ماوەیەدا، زیاتر لە ١٠ هەزار سەرپێچی تۆمارکراوە.

قۆناغی یەکەمی بەستنی پێوەری زیرەک، یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا دەگرێتەوە، کە بە قسەی وەزارەت، تاوەکو ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکان توانراوە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک ببەسترێت.

 سەبارەت بە قۆناغی دووەم، ئومێد ئەحمەد دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ کردووە، بەڵام هێشتا پارەی بۆ سەرف نەکراوە.

بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، هەرێمی کردستان ژێرخانی حەوت هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، هەروەها خواست لەسەر کارەبا نزیکەی شەش هەزار مێگاواتە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، تەنیا سێ هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.