ئایا هیچ کچە بانگخوازێک لە سلێمانی کوژراوە؟
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی لە چەند پەیجێکی سۆشیال میدیاوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە کچە بانگخوازێکی کوردی رۆژئاوا لە سلێمانی کوژراوە 964 کەوتە سۆراغی ئەو بابەتە، بە قسەی پۆلیس هیچ رووداوێکی لەو شێوە نەبووە.
دەنگۆکە بەمجۆرە بوو، گوایە کچێکی کوردی رۆژئاوا کە بانگخواز بووە لەسێمانی دوای مردنی باوک و دایکی لە رۆژئاوا هاتووەتە ئەو شارە و کوژراوە و کەس باسی ناکات.
964 بۆ راستی بوون و نەبوونی ئەو بابەتە پەیوەندی بە پۆلیسی سلێمانییەوە کرد و راستی بەباتەکەی روونکردەوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەو دەنگۆیانە ئەسڵ و ئەساسی نییەم تەحەدا دەکەم لە هیچ گوند و ناحیە و قەزایەکی سلێمانی و ناو سەنەتەری سلێمانی رووداوێکی لەو شێوەیە روویدابێت”.
وتیشی، ئەگەر داواکاری گشتی و دادگاکان کاری خۆیان بکەن دەبێت سەرجەم ئەو پەیج و کەسانەی لە سۆشیال میدیا ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە بگیرێن و سکاڵایان لێ بکرێت.
سەرکەوت ئەحمەد لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە وتی، “تەنیا لێدانە لە ئەمنیەتی سلێمانی و هیچی دیکە”.