بازرگانەکەی عەلوەی سلێمانی نیوەی قەرزەکانی گەڕاندەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

بە بێ ئەوەی خۆی بگەڕێتەوە، بازرگانێک کە دەوترێت “بە رەگەز عەرەبە”، کەمتر لە نیوەی پارەی قەرزەکانی گەڕاندەوە بۆ خاوەن ئەو عەلوانەی سەوزە و میوەی بە قەرز لەلا بردبوون.

رۆژی 18.6.2023 تۆڕی 964 هەڵاتنی بازرگانێکی عەرەبی لە عەلوەی سلێمانی ئاشکراکرد ، کە بە قەرزی زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار بەرهەمی لە عەلوەی سلێمانییەوە هەناردەی خوارووی عێراقی کردبوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو بەبێ دەرکەوتنی خۆی بڕێک لە قەرزەکانی گەراندووەتەوە.

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 964ی وت، “بازرگانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ ئەوەی خۆی دەربکەوێت، نیوەی قەرزەکانی کە کەمتر لە یەک ملیاری دینار بووە، بۆ 50 پێشانگای ناو عەلوەی هاوچەرخی سلێمانی گەڕاندووەتەوە”.

بەهۆی بێ سۆراغبوونی، خاوەن پێشانگاکان دەیانویست سکاڵای لەسەر تۆماربکەن و بە زارەکی ئاسایشیان ئاگادارکردبوەوە، سەروەر عەلی وتی، “ئومێدێک هەبوو بۆ دەرکەوتنەوەی قەرزەکان، بۆیە ئەو بیرۆکەیەش کە هەبوو بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی کشاندمانەوە”.

لە بارەی چارەنووسی ئەو بڕە پارەیەی، کە ماوە بدرێتەوە بە قەرزی ئەو خاوەن پێشانگانە، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی دەڵێت، “رووداوی هاوشێوەمان هەبووە، چاوەڕێ دەکەین پاکتاوی کۆی قەرزەکانی لەگەڵ سەرجەم خاوەن پێشانگاکان بکات”.