لە هەڵەبجە.. بە دوو کابینەی حکومەت پردێکیان تەواو نەکردووە

964+

توانا نەقی – هەولێر

پردی توەقوت، کە لە کابینەی هەشتەم بڕیاری دروستکردنی دراوە، خەریکە کابینەی نۆیەم تەواو دەبێت و هێشتا پردەکە تەواو نەبووە. بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێ؛ حەوت مانگە تەندەری تەواوبووە بەڵام دەست نەکراوە بە جێبەجێکردنی.

مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردەوە و نیشتەجێکردن بە 964+ـی راگەیاند؛ پردی توەقوت پرۆژەیەکی گرنگە، دەبوو زووتر جێبەجێ بکرایە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی دەرخستەکەیەوە کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.

964+ دەزانێت؛ بە تەواوکردنی پردی توەقوت، پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ئیدارەی گەرمیانەوە، هەروەها دەبێتە پردێکی باشی هاتوچۆکردن و تەنانەت بازرگانیکردنی نێوان هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.

محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە 964+ـی وت؛ ماوەی حەوت مانگە تەندەرینی پڕۆژەکە تەواو بووە، دوو کۆمپانیا جێبەجێی دەکەن و گوژمەکەشی ٢٧ ملیار دینارە.

لەبارەی دواکەوتنی پڕۆژەکەش محەمەد جەلیل ئەوەی روونکردەوە؛ بە پێی گرێبەستی کۆمپانیای جێبەجیکار، دەبێت ٢٠٪ـی پێشەکی پارەکە بدرێت بە کۆمپانیاکانی جێبەجێکار، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی پێشەکییەکەیان پێنادرێت و ئەوانیش دەستناکەن بە جێبەجێکردن.

محەمەد جەلیل وتیشی؛ “ئەم پرۆژەیە لە کابینەی پێشوو بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام بە بڕیار هیچ شتێک ناگۆڕێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەت دەبوو زووتر جێبەجێبکرایە، ئەوەتا تاوەکو ئێستا دواکەوتووە و نازانرێت کەی جێبەجێدەکرێت.

پرۆژەی پردی توەقوت درێژییەکەی ٤٠٠ مەترە، پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە گەرمیان، هەروەها دەبێتە ڕێگایەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی و هاتوچۆکردنی هاوڵاتییانیش ئاسان دەکات.