کێ بیری گەنم کوڵاندنی ماوە؟ بە یادی جاران تەماشای بکە

964+
ئاسۆ فەیسەڵ

ساوەر یەکێکە لە خواردنە کوردەوارییەکان کە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە بەتایبەت لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو کاتێک ئابڵوقەی ئابووری خرایە سەر عێراق.

ساوەر لە کوڵاندنی گەنمەوە دروست دەکرێت و هێشتا لە لادێکانی کوردستان رەواجی ماوە و کەسانێک هەن بە هەمان رێگا کۆنەکان ساوەری ساڵی داهاتوویان زەخیرە دەکەن.

لەم فیچەرەدا، ئەو کەسانەی خەریکی گەنم کوڵاندنن دەڵێن، ئەمەی کە خۆیان ئامادەی دەکەن تام و چێژی زۆر زیاترە لەوەی لە بازاڕەکاندا بە ئامادەکراوی دەفرۆشرێت.

ماڵی حاجی تەها هەشت تەنکە ساوەریان کردووە بۆ ئەمساڵ، تا ساڵێکی تر ئەم کاتانە بەشیان دەکات.

ساوەر سێ کاتژمێری دەوێت تاوەکو دەکوڵێت، دواتر دەشۆردرێتەوە، ئینجا دەگوێزرێتەوە سەربان تا وشک دەبێتەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز دەبێت بە باراش.

ئەو گەنمەی بۆ ساوەر بەکاردێت و لەناو خەڵکدا بەناوبانگە، بریتین لە گەنمە دێم و گەنمە سپلیک.