لە گۆڕستان دەگەڕانەوە

لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس لە بنەماڵەی وەزیری نەوتی عێراق گیانیان لەدەستدا

964+

فەرمان سادق

لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە ناشتنی تەرمی باوکیدا، لە رووداوێکی هاوتوچۆدا، خوشکێکی و کچێکی و پاسەوانێکی وەزیری نەوتی عێراق گیانیان لەدەستدا و خوشکێکی دیکەیشی بریندارە.

رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 25.8.2023، لەسەر رێگای خێرای نێودەوڵەتی لە سنووری پارێزگای دیوانییە روویداوە، ئەمەش لەکاتی گەڕانەوەیان لەسەر گۆڕستان لە نزیک ناوچەی کێڵگەی پەلەوەرەکان لە نزیک بەسرە، پاش ناشتنی تەرمی باوکیان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کچەکەی وەزیر لەدایکبووی ساڵی 1987ـە، دانیشتووی شاری بەسرەیە و فەرمانبەرە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە.

خوشکەکەی وەزیر لەدایکبووی ساڵی 1965ـە و ژنی ماڵەوەیە و دانیشتووی شاری بەسرەیە.

هەرچی شۆفێرەکەیە فەرمانبەری وەزارەتی نەوتە و لەدایکبووی ساڵی 1982ـە، جگە لەو، کوڕێکی دیکەش لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە کە لەدایکبووی ساڵی 1986ـە و پاسەوانی وەزیری نەوتە و خەڵکی قەزای زوبێری پارێزگای بەسرەیە.

هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی دیکەی وەزیری نەوت بریندار بووە کە لەدایکبووی ساڵی 1967ـە و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی دیوانییە کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، وەنەوشەکەی (لاند کرۆزەر) کاروانی وەزیری نەوت لەگەڵ بارهەڵگرێکی خۆری هینۆی هەشت تۆنی بەریەککەوتوون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر شۆفێری هینۆیەکە نییە کە لە دایکبووی ساڵی 1973ـیە، نازانرێت گیانی لەدەستداوە یان بریندارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە لۆکاڵییەکانی ناوچەکە، وەنەوشەکە گوللەنەبڕ بووە و تابلۆی حکومی بووە، بەهۆی خێرایی زۆر زۆرەوە کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی بە هینۆیەکە کێشاوە.