دوو یاریزانی تیپی کاراتێی یانەی وەرزشی بازیان لە وڵاتی ئێران- وێنە: وەرگیراوە.
کاراتێی بازیان لە وڵاتی ئێران ئاگر دەکاتەوە
964+
یادگار محەمەد
تیپی کاراتێی یانەی وەرزشی بازیان لە وڵاتی ئێران لە زۆربەی یارییەکاندا پلەی دووەم و سێیەمی بەدەستهێناوە.
بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی کاراتێی نێودەوڵەتی، یانەی وەرزشی بازیان بە تیمێکی 11 یاریزانی کوڕان و کچانەوە لە شاری تاران بەشدارییان کردووە و تا ئێستا ئەنجامی گەورەیان بەدەستهێناوە.
بەرهەم ئاڵی سەرۆکی یانەی وەرزشی بازیان بە 964ـی راگەیاند، بە هۆکاری ئەوەی وەک یانەکەیان یاریزانی ئاست بەزریان لە یاری کاراتێ هەیە، ساڵانە بانگهێشتی ئەم پاڵەوانێتییانە دەکرێن.
وتیشی، “لەم پاڵەوانێتییەدا تیمەکەیان گەورەتر کردووە و کوڕان و کچانیان بەشداربوون و ئەنجامی گەورەیان تۆمارکردووە بەس بەداخەوە چونکە ئەوان لە ناوەندی شار نین گرنگیان پێ نادرێت”.
لە رۆژی 22.8.2023 و لە شاری تاران پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی کاراتێ دەستیپێکردووە کە بۆ هەردوو جۆری کاتا و کۆمێتە و پاڵەوانەکانی یانەی بازیان تا ئێستا ئەم ئەنجامانەیان بەدەستهێناوە.
یوسف هێمن لە یاری کۆمێتە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، کۆشان فارس لە یاری کۆمێتە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، سەروان فارس لە یاری کۆمێتە پلەی سێیەمی مسۆگەرکردووە، محەمەد ئومێد لە یاری کۆمێتە پلەی سێیەمی دەستەبەرکردووە و یوسف ئەمین لە یاری کاتا پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە.