خانەقین پێشوازی لە ساڵی نوێ ناكات
+964
ڕاژان ماجد – خانەقین
ئەمساڵ لە خانەقین هیچ ئامادەكاریەك بۆ ساڵی نوێ نەكراوە و شارەوانیش دەڵێت،” هیچ پارەیەكمان نیە ئاهەنگ بگێڕین.
ساڵانە شارەوانی خانەقین لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەم، هەڵدەستان بە جوانكردنی ناوشارو بازاڕ بۆ ئاهەنگ گێڕان لە شەوی سەری ساڵدا ، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ ئامادە کارییەک نابینرێت ، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی خەڵكەكە، ئەوان ناچارن سەردانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ.
قەزای خانەقین، دوو سەرۆک شارەوانی هەیە یەکێکیان سەر بە هەرێمی کوردستانە و ئەوی دیکەیان سەربە حکومەتی عێراقە.
مەریەم كەریم، بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین کە سەربە حكومەتی عێراقە، قسە بۆ +964 دەکات دەڵێت،” بودجەی شارەوانییەكانمان سفرە و لە ئێستادا هیچمان بەدەستەوە نیە .
سۆران عەلی، بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین کە سەربە حكومەتی هەرێم کوردستانە بەهەمان شێوەی مەریەم كەریم دەڵێت،” هیچ پارەیەکمان نییە تەرخانی بکەین بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ.
یونس خەلیل، دانیشتووێکی قەزای خانەقینەو قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ ساڵانە بە سەدان كەس لە شارەكانی گوڵاڵە و سەعدییە ڕوو دەكەنە شاری خانەقین بۆ بەسەربردنی ئەو شەوە لەو كەشوهەوایەی كە حكومەتی ناوخۆ دروستی دەكرد، بەڵام ئەمساڵ لەوەدەچێت چالاكییەكان لەو شەوەدا نەبێت لە خانەقین.
قەزای خانەقین، کە قەزاكانی گوڵالە و سەعدیە و قۆرەتو و مەیدان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە خانەقینن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر پارێزگای دیالەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە ئیدارە دەدرێت.