14 جۆری شیری منداڵان ساڵێکە قەدەغە کراوە هێشتا لە بازاڕ دەفرۆشرێت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ساڵێک زیاترە وەزارەتی تەندروستی 14 جۆر شیری منداڵانی قەدەغە کردووە، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

پەیامنێری 964 ئەمڕۆ لە بازاڕی سلێمانی بە چاوی خۆی شیرەکانی بینیوە و وێنەی گرتوون، وەکو لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارن.

بەپێی نووسراوی ژمارە (4073) کە لە 10.8.2023 لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و ئاراستەی چاودێری بازرگانی سلێمانی کراوە،  داوادەکرێت جەخت بکرێتەوە لە دەستبەسەرداگرتن و نەهێشتنی ئەو جۆرە شیرانە لە بازاڕ.

ئەو جەختکردنەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی لە گشتاندنێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە 19.6.2022، بە نووسراوی ژمارە (8573) قەدەغەی 14 جۆر شیری منداڵان لە بازاڕ دەکات.

ئەو شیرانەی بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی قەدەغە کراون، هەردوو جۆرەکەی ئەپتامیل، هەر حەوت جۆرەکەی بەیبی میڵک، دیالاکی یەک و دوو سێ و شیرەکانی میترۆگام، ئەلفامین و بەیبی شیلک.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە 964ـی وت، بەپێی ئەو نووسراوەی بۆمان هاتووە هیچ کام لەو شیرانە لە پشکنین دەرنەچوون و لە بازاڕەکاندا دەستیانبەسەردا دەگیردرێت.

داڕشتن: فەرمان سادق