964 زانیاری نوێ له‌باره‌ى ته‌رمه‌كه‌ى ناو ئه‌شكه‌وتى شێخوه‌سانان بڵاوده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌داوداچوونه‌كانى 964، ئه‌و ته‌رمه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو له‌ ئه‌شكه‌وتێكی سنوورى ناحیه‌ى بالیسان دۆزرایه‌وه‌، ئێستا له‌ پزیشكى دادى هه‌ولێر، پشكنینى DNA بۆ كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستاش بێ خاوه‌ن ماوه‌ته‌وه‌.

رۆژى 15.8.2023 هه‌واڵى بوونى ته‌رمێك له‌ ئه‌شكه‌وتێكی گوندى شێخوه‌سانان بڵاوكرایه‌وه‌، كاتێك لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه،‌ بینیان ته‌نیا ئێسك و پروسكى كه‌سێكه‌ و جلێكی زستانه‌ى له‌به‌ردایه‌ و ته‌سبێحێكى له‌ناو گیرفاندا بووه‌.

هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ته‌رمه‌كه‌ ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى هه‌ولێر كرا بۆ پشكنین و به‌خاوه‌ن كردنه‌وه‌ى.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ پزیشكى دادى هه‌ولێر، به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌و رۆژه‌ى ته‌رمه‌كه‌ هێنراوه‌ته‌ لایان ئه‌وان پشكنینان بۆ كردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “تائێستا بێ خاوه‌ن ماوه‌ته‌وه‌”.

وتیشی ” پشكنینى DNA له‌ ئێسكه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ كراوه‌ و ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ش ئاماده‌ كراوه، چاوه‌ڕێین خاوه‌نه‌كه‌ى بێت و راده‌ستى بكرێته‌وه‌”.

باسی له‌وه‌شكرد، تا ئێستا چه‌ند كه‌سێك سه‌ردانیان كردوون كه‌ كه‌سانى نزیكیان لێ ونبووه‌، به‌ڵام به‌پێی پشكنینه‌كان كه‌ بۆیان كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وان خاوه‌نى ئه‌و كه‌سه‌ نین”.

به ‌قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، هه‌ر كه‌سێك داواى ئه‌و ته‌رمه‌ بكات، پێویسته‌ پشكنینی بۆ بكرێت و دواتریش ئه‌و پشكنینه‌ى به‌راورد به‌ پشكنینى DNA ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كرێت و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خاوه‌نیه‌تى یان نا .

ئاشكراشی كرد، به‌پێی پشكنینه‌كانى پزیشكى دادى، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ته‌مه‌نى ئه‌و كه‌سه‌ له‌ نێوان 20 تاوه‌كو 25 ساڵیدایه‌، نه‌ك كه‌ پێشتر باسكراوه‌ 15 ساڵ بێت، وتیشی “پارچه‌یه‌ك پلاتینیش له‌ناو یه‌كێك له‌ قاچه‌كانیه‌تى”.

له‌رۆژى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌، مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە 964ـی وتبوو، تەرمەکە تەنیا ئێسک و پروسکە و ناسنامه‌كه‌شی نادیاره‌.

تەرمی مێرمنداڵێکەی شێخوەسانان رەوانەی پزیشکی دادی هەو...

تەرمی مێرمنداڵێکەی شێخوەسانان رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا