ئەمساڵ 18 کەس بە تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان، 18 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، نزیکەی 300 کیلۆمەتر دووجا زەویش ماوە، کە پاکبکرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.8.2023، موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان رووبەری ناوچەی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی بە 776 کیلۆمەتر دووجا دەخەملێندرا، کە 521 کیلۆمەتر پاککراوەتەوە.

تا ئێستا بە گشتی 13 هەزار و 600 کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی برینداربوونە، یان گیانیان لەدەستداوە.

”ئەمساڵ 18 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگی گیانیان لەدەستداوە، یان بریندار بوونە، کە بەراورد بە پار رووداوەکان کەمترن”، موحسین شێخ عەبدولکەریم وای وت.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، زۆربەی مینە چێندراوەکان دژەکەسین و لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق چیندراون لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئەوو دوو وڵاتە.

موحسین شێخ عەبدولکەریم ئەم قسانەی لە پاش تەقاندنەوەی 130 مین لە چیای قەرەسرت، نزیک قەزای دوکان کرد.