درامای کۆشکی هەنار لە رەمەزان دەبێتە میوانی ماڵەکانتان

+964

پەرستۆ ساڵح – هەولێر

زنجیرە درامایەکی نوێ بەناوی “کۆشکی هەنار” بۆ مانگی رەمەزان ئامادە دەکرێت، ماوەی مانگێکە کاری وێنەگرتنی دەستی پێ کردووەو ناوەڕۆکەکەشی باس لە پرسی میرات دەکات کە یەکێکە لە پرسە گەرمەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواری.

ماوەی مانگێکە کاری وێنەگرتن بۆ زنجیرە درامایەکی نوێ بەناوی “کۆشکی هەنار” دەستی پێکردووە لە شاری سلێمانی، کە لەلایەن ئومێد کەمالەوە کاری نوسین و سیناریۆی بۆ کراوە و بیرۆکە و دەرهێنانی دەرهێنەر جەمیل موفاخیریە، بە بەشداری چەندین ئەکتەری دیاری وەک موستەفا ئەحمەد، سیروان عوسمان، بەیان بۆمبا، کەمال عەلی و زۆری دیکە.

ئومێد کەمال، نوسەر و سینارستی دراماکە تایبەت بە +964 دەربارەی چیرۆکی دراماکە وتی  “چیرۆکەکە خەیاڵ و زادەی خۆمە وەک نوسەر، باس لە لایەنی کۆمەڵایەتی تاوانکاری پۆلیسی دەکات و بەتایبەت کێشەی میرات، کە لە ئێستادا لە کوردستان زۆر باوە، یاخود تێکدانی خانووە کۆنەکان و تێکچوونی شیرازەی خێزان لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەک، هەموو تاکێکی کۆمەڵگا خۆی تێدا دەبینێتەوە”

+964 دەزانێت ئاواز و میوزیکی دراماکە لەلایەن زیاد ئەسعەدەوە دانراوە، کاری نوسینی هۆنراوەکەی لای ئیسماعیل محەمەدە کە تەواو نەبووە، هاوکات زنجیرە دراماکە 40 ئەڵقەی لەرووی نوسینەوە ئامادەیە، بەڵام چاوەروان دەکرێت کورت بکرێتەوە بۆ 33 ئەڵقە، ناوەندی هونەری زەنێ سپۆنسەری کارەکە دەکات لەرووی بەرهەمهێنانەوە.