"پەیوەندی دووفاقی هەیە"
لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی پابەندکردنی ئیسرائیلی دەوێت
964+
ئەحمەد مستەفا
لوتکەی هاوبەشی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی – ئیسلامی لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیدا، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بڕیارێکی پابەندکار بۆ فەراهەمکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە دەربکات.
لە دوو رۆژی رابردوودا، کارەکانی لوتکەی هاوبەشی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعودییە سازکرا و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەشدارییان تێدا کرد، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان وەک دەرئەنجام بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کراوە بڕیارێکی پابەندکەر بۆ فەراهەمکردنی ئاگربەست و چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە دەربکات و دەڵێن، ئیدانەی دووفاقی نێودەوڵەتیی دەکەین لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، داوای رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا پێشنیار کراوە دەست بە کار بکرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی پشتیوانی نێودەوڵەتیی لە پێناو سڕکردنی بەشداریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەروەک داوا لە وڵاتان کراوە، هەناردە یان رەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل قەدەغە بکەن و سزای نێودەوڵەتیی بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنرێت.
لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە ساڵێکی تێپەڕاندووە و لوبنانیشی گرتووەتەوە، پێشێلی سەروەری عێراق، سوریا و ئێرانی کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنی روونی نەگرتووەتەبەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شکستی هێناوە.