١٧ ساڵە زبڵ کۆدەکاتەوە و هەر داینامەزرێنن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ڤیدیۆ

کارمەندانی گرێبەست لە شارەوانی کەرکوک گردبوونەتەوە، داوا دەکەن دابمەزرێن و بکرێن بە هەمیشەیی، یەکێک لەوان تەمەنی ٦٦ ساڵە و ١٧ ساڵە گرێبەستە، دەڵێت، “خانەنشینم بکەن”.

ئەوان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیان بە گردبوونەوە کرد، زۆرینەیان لە کارمەندانی بەشی ئامێرەکانن لە شارەوانی کەرکوک، ژمارەیان 347 کەسە، دەرگای بەشەکەیان داخستووە و دەڵێن ئیش ناکەن.

وەلید یونس، یەکێکە لەو کارمەندانەی گرێبەست کە گردبوونەتەوە، بە 964+ی وت، “تەمەنم ٦٦ ساڵە و ماوەی ۱۷ ساڵە زبڵ و خۆڵ و خاشاکی گەڕەکەکان کۆدەکەمەوە، ئێستا تەمەنم تێپەڕی، داوادەکەم خانەنشین بکرێم، بۆ ئەوەی پشوو بدەم لەناو ماڵ و منداڵەکەم”.

بە قسەی خۆیان لەلایەن سەرۆک بەشەکانیانەوە هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ئەوا دەردەکرێن.

964+ سۆراغی کرد بزانێت لایەنە بەرپرسەکان چی دەڵێن لەسەر ئەم پرسە، سەرچاوەیەک رایگەیاند، کە داواکارییەکانیان گەیەندراوەتە وەزارەتی پەیوەندیدار لە بەغدا، ئەوانیش بەڵێنیان داوە چارەسەری بکەن لە بودجەی ساڵی تازەدا.

بەڵام کارمەندەکان ئەو قسانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئەوە قسەی هەموو ساڵێکیانە.