هەرێم و بەغدا رێگری لە ھاتنی کرێکاری بیانی بە قاچاغ دەکەن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ IHCHR، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکات بۆ بەهێزکردنی رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کرێکاری بیانی.
ئەمڕۆ سێشەممە 15.8.2023، سەرمەد بەدری، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندن لە فەرمانگەی نیشتمانیی دەستەی مافی مرۆڤ، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، مەترسی ئەوە هەیە کە کرێکارانی بیانی دوای گەیشتنیان بە وڵات مافەکانیان پێشێل دەکرێت و تۆڕەکانی بازرگانی بە مرۆڤ کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن.
بەپێی ئاماری هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، 70 كەسی بیانی دەستگیر کراون كە ویستویانە بە شێوەیەكی نایاسایی سنوورەكان ببڕن و بچنە دهۆك و سلێمانی.
رۆژی دووشممە 14.8.2023، نووسینگەی IHCHR لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لیژنەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئاماژەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە وڵات و بوونی باندەکانی تایبەتمەند لە پراکتیزەکردنی ئەم کارە.
دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو کە لیژنەیەکی تایبەتمەندی بەدواداچوون پێکبهێنرێت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت.
هەروەها لە دەروازە سنوورییەکان هەماهەنگی لەنێوان IHCHR و حکومەتی هەرێم دەکرێت بۆ دانانی میکانیزم و رێکاری تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
نووسینگەی IHCHR داوای لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق کردووە پاڵپشتی ئەو خێزانانە بکات کە ئەندامێکیان بوونەتە قوربانی کردەوەکانی بازگانیکردن بە مرۆڤ و ژمارەیەکی پێویست لە توێژەریان بۆ دابین بکات و بەندکراوەکانیش بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.