سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەولێر ئامادەیە

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

هەڵبژاردەی تۆپی پێی سلێمانی دوا ئامادەکاری بۆ یارییەکەی هەولێر ئەنجامدا.

لە گەڕی دووەمی جامی کۆماری عێراق بۆ هەڵبژاردەی پارێزگاکان و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەولێر، لەسەر یاریگای راپەڕین هەڵبژاردەی سلێمانی دوا مەشق و راهێنانی ئەنجامدا.

هەرێم بورهان راهێنەری هەڵبژاردەی سلێمانی بە 964ـی وت، هەرچەندە درەنگ هەڵبژاردەکەیان دروستکردووە و دەستیان بە ئامادەکاری کردووە، بەڵام لە یاری یەکەمدا ئاستی یاریزانەکانی باش بووە.

وتیشی، ئومێدیان ئەوەبوو کە ئاسۆ رۆستەم و بەڵێن فایەق پەیوەندی بکەن بە هەڵبژاردەکەیانەوە بەڵام بۆیان نەگونجاوە.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە و لە گەڕی دووەمی جامی کۆماری عێراق، هەڵبژاردەی سلێمانی ببێتە میوانی هەولێر و کەرکوکیش لەسەر یاریگای خۆی پێشوازی لە دهۆک دەکات.