دیمەنی ئەوباڵەخانەیەی کە ئامادەکراوە بۆ بەشەکانی زانکۆی پۆلیەتەکنیکی گەرمیان لەقەزای کفری.وێنە:+964
زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە کفری دەبێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای بڕیاری کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە بڕیادرا کە سەرۆکایەتیی زانکۆکە لە قەزای کفری بکرێتەوە و فەرمانبەری نوێی بۆ دادەمەزرێت.
بینای قوتابخانەی سیروانی نوێ لە کفری، بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆکە ئامادەکراوە و لە سبەینێ سێشەممەوە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.8.2023، چیا محەمەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بە 964ى وت، “لە سبەینێوە تابلۆی زانکۆکە لەسەر ئەو بینایە ھەڵدەواسین کە بۆمان ئامادەکراوە، داوامان کردووە لە سیستمی زانکۆلاینی ئەمساڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان داخل بکرێت”.
لە بارەی ناڕەزایەتیی فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەلار بەهۆی گواستنەوەیان بۆ کفری، چیا محەمەد وتی، “ھیچ فەرمانبەرێک بەزۆر راژەکەی ناگوازرێتەوە ئەگەر کەسێک خۆی نەیەوێت بچێتە کفری، داوای دامەزراندنی 200 فەرمانبەری نوێمان لە پسپۆرییە جیاوازەکان کردووە، چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانین”.
کردنەوەی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە قەزای کفری، یەکێک بوو لە داواکاری مانگرتووانی قەزاکە کە ماوەی 32 رۆژ لەسەر شەقام بوون بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیان.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر