شەبەحەکەی سەدام واز لە خەڵکی عێراق ناهێنێت
+964
ژووری هەواڵ
شەبەحەکەی سەدام واز لە خەڵکی عێراق ناهێنێت، ئێستاش هەر بە هۆی سەدامەوە نهێنی ملیۆنان عێراقی دزەیان پێکرا.
چەند رۆژێک لەمەوبەر چەناڵێکی تێلیگرام لە عێراق دروستکرا، یەکەم پۆستی ڤیدیۆیەکی سەدام حسێن بوو، بۆیە خەڵکی عێراق ناویان لێنا کەناڵەکەی سەدام، زۆری نەبرد ئەم سەدامچییە، کەوتە بڵاوکردنەوەی نهێنییە زۆر تایبەتەکانی خەڵکی عێراق.
کار لە کار ترازابوو.. هەرچی لە ژێر بەڕڕە بوو کەوتبووە سەر بەڕڕە، بەڵام حکومەتی عێراق زوو فریای خۆی کەوت و تێلیگرامی لە عێراقدا راگرت، گەر ئەمەی نەکردایە، هیچ کەسێک نەدەما سەلامەت دەرچێت.
راگرتنی تێلێگرام لە عێراق زۆر بەسانایی وەرگیرا، بەڵام کێشەکە لەوە ئاڵۆز و مەترسیدارتر بوو، زانیاری هەرچی کەس هەیە بە وێنەو ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوون و تەنانەت فۆڕمی خۆراکیشەوە کەوتبووە دەست چەند کەسێک و هەموویان بڵاوکردبووەوە.
هێزە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان پەشۆکابوون، ئەم زانیاریانە چۆن دزەی کرد و چۆن دەبێت ئاوها یاری بە نهێنییەکانی خەڵکەوە بکرێت، بەڵام هیچیان نە دەدۆزییەوە، جار و دوان و سیان لە دەرگای تێلیگرامیاندا بۆ ئەوەی سەرەداوێکیان بداتێ، بەڵام هیچ… بۆیە بە ناچاری پەنایان برد بۆ راگرتنی تۆڕەکە.
ماوەیەک بوو لە تێلیگرام چەناڵێک کرابووەوە بەناوی (داتا بەیس)، داتای زیاتر لە سی ملیۆن کەسی عێراقی دەست کەوتبوو بڵاوی دەکردەوە.
کەسێک ئەگەر رۆژێک لە رۆژان سیمکارتێکی ئاسیاسێل و زەینی کڕیبێت، یان لە تیکتۆک و ئینیستیگرام و فەیسبووک هەژماری دروست کردبێت، ئیتر زانیاری و وێنەی کەوتووەتە دەست ئەم گروپە و ئەوانیش هەموویان بڵاوکردووەتەوە.
تێلیگرام 10 ساڵ پێش ئێستا دوو برای رووسی دروستیان کردووە و ئێستا مانگانە زیاتر لە 700 ملیۆن بەکارهێنەری کارای هەیە، بەشێک لەمانەش لە عێراقن، ئەوانەی عێراق هەم داتاکانیان دزراوەو هەم دەتوانن داتا دزراوەکانیش ببینن.
دوای هەفتەیەک لەم توڕەبوونەی عێراق، تێلیگرام هاتەژێر بار و رازی بوو سەرچاوەی دزەکردنەکە بە حکومەتی عێراق بڵێت، بۆیە وەزارەتی گەیاندنی عێراق بلۆکی لەسەر تۆڕەکە هەڵگرت و کەوتەوە کار.