مانا ئاگرینەکەی خۆی لەدەست نەداوە

رۆژانە زیاتر لە سێ ئاگر لە ئاکرێ کەوتووەوتە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە 222 رۆژی تێپەڕیوی ئەمساڵ، زیاتر لە 700 ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئاکرێ روویان داوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە دەڵێن، 90%ـی ئاگرەکان دەستکرد بوون.

وادیارە ئاکرێ مانای ناوەکەی خۆی ون نەکردووە. چونکە بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، ناوی ئاکرێ لە ئاگرەوە هاتووە. دەوترێت لە پێش زاییندا زەردەشتییەکان لەوێ جێگیر بوون و ئاگری زۆریان تێدا کردووەتەوە، ئیدی ناوی ئاگری – ئاکرێی بەسەردا بڕاوە.

تەنیا هەفتەی رابردوو 27 ئاگر لە سنوورەکانی قەسرۆک، دینارتە، رۆڤیا، ئاکرێ، گردەسێن، بەردەڕەش، دارەتوو و کەڵەکچی کەوتوونەوە.

عەقید ئیبراهیم فەریق، بەرێوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، “90%’ـی ئاگرکەوتنەوەکان هۆکارەکەی دەستکردە و بنەماڵەکان لەنێوان خۆیاندا بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانیان ئاگر لە پاوان و دەغڵ و دانی یەکتری بەردەدەن”.

وتیشی، “هەندێ لە ئاگرکەوتنەوەکانی تر بە هۆکاری فڕێدانی جەگەرە و شۆرتی کارەباوە دروستبوون”.

شارۆچکەی ئاکرێ سەر بە پارێزگای دهۆکە. سێ لای شاخە و نزیکەی 25 هەزار کەسی تێدا دەژیت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد