پۆلیسێک تۆمەتبار کراوە

دوای 11 رۆژ تەرمی گەنجێک لە زێی بچووک دەرهێندرا

964+

کاروان ساڵحی

کەمێک پێش ئێستا تەرمی گەنجێک لە زێی بچووک لە سنووری قەزای پردێ دۆزرایەوە.

ئەو گەنجەی تەرمەکەی لە زێی بچووک دۆزراوەتەوە دانیشتووی سەنتەری شاری کەرکوکە و چەند رۆژێک پێش ئێستا سەردانی قەزای پردێی کردووە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییە پشتڕاست نەکراوەکان، شایەدحاڵ، ئەو گەنجەیان بینوە لەناو زێی بچووک مەلەی کردووە و بەلەمی پۆلیسی پاسوانی زێی بچووک خۆی پێدا کێشاوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

بە قسەی شایەدحاڵەکان بێت، (ز . ف . ح) ئەو گەنجە تەمەن 30 ساڵە، لەژێر ئاوەکە خەریکی مەلە بووە لەو کاتەی پۆلیسەکە بە بەلەمەکەی بەوێدا تێپەڕیوە و ژێرەوەی بەلەمەکە بەر سەری کەوتووە و پۆلیسەکە پێی نەزانیوە.

گەنەکە بە تەنیا بووە و کەسی لەگەڵدا نەبووە و لەکاتی دەرهێنانی تەرمەکەشی هیچ ئاسەوارێکی لێدان بە جەستەیەوە نەبووە.

خاوەنی بەلەمەکە پۆلیسە و دوو رۆژە لەسەر قسەی شایەدحاڵەکان دەستگیرکراوە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار لە رووداوەكە بە 964 وت، لەكاتی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بە وتەی چەند شایەدحاڵێك بۆ دەزگا ئەمنیەكان، ئەو گەنجە لەكاتی مەلەكردن سەری بەر بەلەمێك دەكەوێت و بەو هۆیەوە بێ سەروشوێن دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی “خاوەن ئەو بەلەمە پیشەی پۆلیسی پاسەوانی زێی بچووكە و لە دەوای دەوامی فەرمی خۆی، رۆژانە لەناو ئەو زێیە دەسوڕێتەوە و بەلەمەكەی بە كرێ دەدات، دوای لێكۆڵینەوە پۆلیسەکە لەسەر وتەی چەند شایەتحاڵێك بە بڕیاری دادوەر ماوەی دوو رۆژە دەستبەسەرە”.

بە قسەی سەرچاوەکە بێت، چەند رۆژێکە گەڕان بە دوای ئەو تەرمە بەردەوامە ئەوە بوو ئەمرۆ دوای كردنەوەی ئاوی بەنداوەكە و تواندراوە تەرمەكە دەربهێندرێت و رەوانەی پزیشكی داد بكرێت.

وتیشی “شوێنی برین بەسەر تەرمەكەوە دەركەوتووە ئەوەش وادەكات زانیاریەكانی شایەدحاڵەكان تارادەیەك دروست بێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق