دادگای فیدراڵی لە بارەی سکاڵاکەی هەرێمەوە بڕیاری دا

964+

فەهمی نەبی

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو تانەیەی رەتکردووەتەوە، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر یاسای بودجە تۆماری کردبوو.

ئەو سکاڵایەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە و داوادەکات ژمارەیەک لە بڕگەکانی یاسای بودجە بە نادەستووری دابنرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە.

لە راگەیەنراوەکەی دادگای باڵای فیدرالیدا هاتووە، ئەوان کاریان لەسەر دۆسیەی ژمارە 168 کردووە، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی تۆمارکردووە لە بەرامبەر ژمارەیەک بڕگە و مادەی بودجەی ساڵەکانی 2023, 2024, 2025.

بەپێی ئەو بڕیارە بێت کە لە دادگای فیدرالی دراوە، چیتر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم پێویستی بە رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە، هاوکات پەرلەمانی عێراق شوێنی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە.

دادگای باڵای فیدراڵی، ئەو بڕگە و مادانەی رەتیکردوونەتەوە ئەمانەن، مادەی دوو بڕگەی یەک، پێنجەم بڕگەی ب، مادەی 11 بڕگەی دووەم، مادەی 12 بڕگەی دووەم، ‌(ا، ب، ج، د، ه)، مادەی 13 هەشتەمی یاسای بودجە.

بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێم تایبەتن بە دیاریکردنی رێژەی شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە و رادەستکردنی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت، ھەروەھا رادەستکردنی داھاتی نانەوتی و خەرجکردنی پشکی ھەرێم لە بودجە، لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا و بڕگەی پارێزگای ناڕازی.