لە دەربەندی رانیە
دوای 100 کاتژمێر تەرمی گەنجە خنکاوەکەی هەولێر دۆزرایەوە
964+
ژێوار خدر
دوای چوار رۆژ لە خنکانی، ئێستا تەرمی گەنجەکەی هەولێر لە ئاوی دەربەندی رانیە دۆزرایەوە.
لەو چوار رۆژەدا تیمێکی 12 مەلەوانی خەریکی گەڕان بوون بۆی.
ئەو گەنجە تەمەنی لە نێوان 39 بۆ 40 ساڵیدایە، لەگەڵ برایەک و کوڕێکی بۆ گەشت لە دەربەندی رانیە بوون، لە کاتی مەلەکردن نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و خنکاوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی عەلی قادر وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964ی وت، لەبەر ساردی و لێڵی و خێرایی ئاوەکە دۆزینەوەی تەرمەکە زۆری پێدەچێت.
مەریوان ئەدهەم سەرۆکی تیمی مەلەوانی رانیە بە 964ـی وت، تەرمەکە بە دووری 200 بۆ 250 مەتر لە پردی دەربەند دۆزراوەتەوە و هۆکاری درەنگ دۆزرانەوەی بۆ لێڵی ئاوەکە و نزمی پلەی گەرمی و هەبوونی چاڵوچۆڵی زۆر لە شوێنەکەدا گەڕاندەوە و وتیشی ئەو شوێنە بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە بۆ مەلەکردن.
هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC رایگەیاندبوو، لە شەش مانگی ئەمساڵ 56 هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەکان خنکاون.