گازی قەتیسبووی زبڵخانەی کانی قرژاڵە چارەسەر دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

شارەوانیی هەولێر رێکارێکی نوێی گرتووەتە بەر بۆ هێنانەدەرەوەی گازی قەتیسبووی میسان لە ژێر زەویی زبڵخانەی کانی قرژاڵە، سەرچاوە ژینگەییەکان دەڵێن گازی میسان هۆکاری قەتیسبوونی گەرمایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمەکانی شارەوانی بە کۆمەڵێک بارهەڵگرەوە، کە بۆری پلاستیکیان بارکردبوو، شەش بیریان لە زبڵخانەی کانی قرژاڵەی هەولێر لێداوە بۆ ئەوەی ئەو گازە میسانە قەتیس بووە دەرچێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزیی هەولێر بۆ 964 قسەی کرد دەڵێت، لێدانی ئەو بیرانە بۆ دەرچوونی گازی قەتیسماوی چینەکانی ژێرەوی زەوییە، ئەگەر لە ژێر زەوی دەرنەچێت، ئەگەری هەیە لە شوێنی دیکەدا بە شێوازی تەقینەوە دەربچێت.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر ئەوەشی وت، بەدوو قۆناغ لە ساڵی 2020 و 2021 لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە 80 بیر لێدرا، بەڵام بە بۆری ئاسن بوو، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بە بۆری پلاستیکی کۆریدەیت شەش بیر لێدراوە و سەرکەوتوو بووە، لە پارێزگای هەولێر دەرخستە بۆ 40 بیر دەرچووە و بەمزووانە جێبەجێ دەکرێت.

میسان جۆرە گازێکی پیسکەرە، شێوە کیمیاییەکەی CH4، دەبێتە هۆکاری قەتیسبوونی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان لە ماوەی سێ سەدەی رابردوو چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی وایکردووە رێژەی گازی میسان %140 زیاد بکات.

زبڵخانەی کانی قرژاڵە، رووبەرەکەی 300 دۆنمە و رۆژانە دوو هەزار تۆن زبڵ و پاشماوەی هەولێر لەو زبڵخانەیە ژێرزەوی دەنرێت.