کاسبکارانی بازاڕی خان خورما لە کەرکوک گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
ڤیدیۆ
کاسبکارانی بازاڕی سەوزە و میوەی خان خورما لە کەرکوک لە دژی “وەرگرتنی باج” و فشار خستنە سەریان بۆ گواستنەوە بۆ عەلوەی نمونەیی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و شەقامی پریاد-یان لە نزیکی بازاڕەکە داخست.
لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە 964+ی راگەیاند، لە بازاڕی خان خورما زیادەڕۆیی زۆر هەیە و بە فەرمانی پارێزگاری کەرکوک چوونەتە بازاڕەکە بۆ نەهێشتنی ئەو زیادەڕۆییە.
کاسبکارانی بازاڕەکەش دەڵێن، بەردەوام لەلایەن کۆمپانیایەکی نەناسراو داوایان لێدەکرێت کە دەبێت یان شوێنەکە چۆڵ بکەن یان بڕی نۆ هەزار دۆلار سەرقوفڵانە بدەن بۆ ماوەی دوو ساڵ.
بە وتەی ئەوان کۆمپانیاکە بەبیانووی رێکخستنی بازاڕ لە دەروازەکەی کارمەندیان داناوە و رێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی سەوزە و میوە و داوای باج دەکەن.
کاسبکارانی بازاڕەکە بە سوتاندنی تایە بۆ ماوەیەک شەقامی پریاد-یان لە نزیک بازاڕی سەوزە و میوەی خان خورما داخست.
لە بازاڕی خان خورما نزیکەی ٤٠٠ دوکان هەیە، شەماڵ کەمال کە نزیکەی سێ ساڵە لەو بازاڕە کار دەکات بە 964+ی وت، “بژێوی ژیانی هەزار و ٥٠٠ خێزان لەسەر ئەو بازاڕەیە، هەر ماوەی جارێک بیانویەکمان بۆ دەدۆزنەوە.”
عەلوەی نمونەیی کەوتووەتە ناوچەی سیادە لە نزیک باڵەخانەی نوێی پارێزگای کەرکوک لەناو عەلوەکە تەنیا ٢٧ جەمەلۆن دروستکراوە و تا ئێستا هیچ دوکاندارێک کاری تێدا ناکەن.